ئەرمەن گەلێکی ستەملێکراو!
#نیازی برایم#
دیسان مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی وەک ئەلتەرناتیڤ (جێگرەوە) .
-لە کەمتر لە دوو ڕۆژ، ئازەربێجان بە پشتیووانی تورکیا و ڕووسیا و بێدەنگی ئەمەریکا و ئەوروپا، چارەنووسی دەڤەری ناگۆڕنی قەرەباغ یەکلا کردەوە، داگیریکرد.
ڕاستە ئەم شەڕە درێژکراوەی شەڕی مانگی 9 ی 2020 ە، لێ ئازەربێجان تەواو هەلومەرجەکەی قۆزتەوە، توانی دەست بوەشێنێت.
-پەیوەندی مێژوویی ئەرمەن و کورد ، ئەگەر بمانەوێت شرۆڤەی بکەین سێ ئاستی بەخۆیەوە دەبینێت.. ئاستی پەیوەندی کورد و ئەرمەن، ئاستی دووەم بەکاربردنی دەوڵەتی عوسمانی بۆ هەریەکە لە ئەرمەن و کورد دژ بەیەک ، ئاستی سێیەم بەکابردنی ڕووسیا و ئەوروپا بۆ ئەرمەنەکان دژی کورد بە ناراستەوخۆ بەوەی وڵاتی ئەوانە هیی کوردان نییە.
لە دوای کۆدەتاکەی 1908، تورک و ئەرمەن هاوپەیمانیان دژی کورد لە باکووری کوردستان دورستکرد، کوردان بەتەنیا مانەوە هیچ دۆستێکیان نەما نە لەناوەوە و نە لەدەرەوەش.. لەلایەک ئەرمەن لەناوخۆ لەگەڵ تورکان، لە لایەکی دیکەوەش لەدەرەوە ڕۆژاوا پشتیووانیان بوو. ئەرمەنەکان باکووری کوردستانیان بە ئەرمینیا ڕۆژاوا دادەنا و دەیانویست لەبەر دەست کوردان دەربهێنن.. ئەرمەنەکان لە ڕووی بازاڕاوە کۆنترۆلی دەڤەرەکەیان کردبوو، لێ بەهۆی ژمارەی زۆری کوردان نەیاندەتوانی بەهاسانی کۆنترۆڵی سیاسی و بەڕێوەبەریش بکەن.
پێش دەستوەردانی ڕووس و ئەوروپییەکان بە ناوخۆی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەتایبەتیی نێوان کوردان و ئەرمەن، هەر دوو گەل لەنێو کۆنفیدراڵییەکی سەرەتایی ژیانیان دەکرد. لێ دوایی ئەو دەستوەردانانەی ڕووسیای قەیسەری و فەرەنسا و بەریتانیا، ئیدی ڕەوشەکە بەخراپ کەوتەوە.
یەکێتی سۆڤیەت کە میراتگرەوەی ئیمپراتۆریەتی قەیسەری ڕووس بوو، ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباغ کە زۆرینەی ئەرمەنن لە جیاتی ئەوەی بیخاتە سەر ئەرمینیا، کەچی بۆ ئەوەی هەمیشە ناکۆکی هەبێت، خستییە سەر ئازەربێجان. دوای لاوازبوونی یەکێتی سۆڤیەت و شەڕ لە سەرەتای نەوەدەکان لەنێوان ئازەربێجان و ئەرمینیا، ناگۆرنۆ قەرەباغ بە پشتیووانی ئەرمینیا دەڤەرێکی سەربەخۆیان دامەزراند، تا ساڵی 2020 و 2023 ئازەربێجان ئەو دەڤەری داگیرکردەوە و خستییە سەر جوگرافیاکەی. لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە مافی ئازەربێجانە، لێ ئەو یاسایە یاسایەکە مافی گەلی ئەرمەن لەو دەڤەرە دەخاتە ژێر پێ، تەنانەت ناکۆکیشە لەگەڵ بەندی مافی چارەنووسی گەلان کە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدادەنێت.
ئەوەتا بە دەیان هەزار کەس لە ناگۆرنی قەرەباغ لە ترسی وەحشیگەری سوپا و مێلیشیاتەکانی ئازەربێجان ڕادەکەن بەرەو ئەرمینیا.
ئەرمینیا کە وڵاتێکی سەربەخۆیە بۆچی نەیتوانی ئەو دەڤەرە بپارێزێت؟ چونکە دەوڵەتی نەتەوەیی بۆخۆی کێشەیە. دەوڵەتی نەتەوەیی لەناو هەناوی خۆیدا دەیان گرفتی سەرەکی تێدایە کە ناتوانێت لەناو ناکۆکییەکانی نێو سیستەمی سەرمایەداری، داکۆکی لە هاونەتەوەکەی بکات.بە واتایەکی دیکە لەو جەنگەڵستانە ئەگەر ستاتیۆیەک هێزی نەبێت، با دەوڵەتی سەربەخۆش بێت، بەهاسانی بێکاریگەر دەکرێت.
-دەتوانم بە کوورتی بڵێم: دەوڵەت بەواتای چارەسەریی نییە، ئەوەتا بەدەیان هەزار لە ژن ومنداڵ و پیروپەککەوتە لە ترسی دڕەندەیی دەوڵەتێکی نەتەوەیی وەک ئازەربێجان لە کۆڕەو دان، لە هەمان کاتیشدا دەوڵەتی نەتەوەیی ئەرمینیا ناتوانێت بیانپارێزێت، چونکە هەر دوو دەوڵەت ئەرکدار کراون تا نوێنەرایەتی ئەجندای سیستەمی کاپیتالیستی جیهانی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گەلان، بکەن.
تاکە چارەسەرێک کە ئەگەر گەلان بخوازن بێ خوێنڕشتن بەردەوامی بە ژیان بدەن، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، دۆستایەتی و پێکەوەژیانی گەلانە. کەی ئەو شۆڕشە ڕوودەدات؟ پێموانییە کاتی نزیک بوبێتەوە، لێ بێچارەیی تەواوی سیستەمی جیهانی بۆ ئاریشە و ناکۆکییەکان، لە مەودای ناوەڕاست یا دووردا ئەو سیستەمە خۆی دەسەپێنێت و دەبێتە ئەلتەرناتیڤ.
-وێنەکە: گەلی ئەرمینیا لە ساڵی 1915 و 2023، کارەسات و کۆمەلکوژیی بەردەوامە.
[1]