جەولەی پێنجەم و کۆتایی جەولەی قۆناغی یەکەمی خولی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی یانەکانی کوردستان بەڕێوەچوو.
کاتژمێر 4:00 ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە #11-09-2023# و بە ئەنجام دانی هەشت یاری جەولەی پێنجەم و دوا جەولەی قۆناغی یەکەمی خولی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی یانەکانی کوردستان بەڕێوەچوو کە لە بەهێزترین و پڕ گۆڵترین یاریان، تازەپێگەیشتووانی یانەی پێشمەرگە لەدەرەوەی یاریگەی خۆیدا و لە شاری #هەڵەبجەی شەهید# بوونە میوانی تازەپێگەیشتووانی یانەی هەڵەبجە.
لەو یارییەدا و هەر لە سەرەتاوە سۆران سەلیمی ڕاهێنەر بە پلانی هێرش بردن ڕێنوێنی یاریزانەکانی کردوو توانیان تا کۆتایی کاتی یاسایی 8 جار تۆڕی گۆڵی یانەی خاوەن یاریگە بهەژێنن.
ئەمە و لە خولەکی 5 ی گێمی یەکەم، یاریزان سامی سەعید گۆڵی یەکەمی پێشمەرگەی تۆمار کردوو هەروەک لە خولەکی 25 ڕەهەند غەفور گۆڵی دووەمی بۆ پێشمەرگە سەوز پۆشەکان کرد، لە دوایی 2 خولەک و لە خولەکی 27 دووبارە سامی سەعید گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی تیمەکەی پێشمەرگەی تۆمار کردوو هەرچی لە خولەکی 37 ی گێمی یەکەم بوو مستەفا عودەی گۆڵی چوارەمی تۆمار کرد.
ئەمە و لە هەمان گێم دووبارە سامی سەعید گەیشتەوە سەر تۆڕی گۆڵی یانەی هەڵەبجە و بۆ سێیەم جاری خۆی و پێنجەم جاری تیمەکەی گۆڵی دڵنیاکەرەوەی تۆمار کرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە گێمی دووەم دووبارە ئاست بەرزی یاریزانە تازەپێگەیشتووەکانی پێشمەرگە بە بەرزی مایەوە و لە خولەکی 59 مستەفا عودەی گۆڵی دووەمی خۆی و شەشەمی تیپی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی یانەی پێشمەرگەی تۆمار کردوو پاشان سامی سەعید توانی گۆڵی چوارەمی خۆی و حەوتەمی تیپی سەوز پۆشەکان تۆمار بکات.
لە خولەکی 81 سەرباز سەعید بە لێدانێکی سەرنج ڕاکێش گۆڵی هەشتەم و دوا گۆڵی یارییەکەی تۆمار کردوو بەو ئەنجامەش پێشمەرگە توانی سەرکەوتنە یەک لە دوایی یەکەکانی لە قۆناغی یەکەمدا کۆتایی پێبهێنێت.[1]