ناونیشانی بابەت: جوانترین پاشای سەرزەوی... تیشکێک لە ژیانی پاشای مەزنی کورد و ئیسلام (پاشا ئەبولفیدای ئەیوبی)
ئامادەکردنی: #هامنۆ ئەیوب هەورامی#
$کوورتەیەک دەربارەی ژیانی:$
ئایینناس و پاشا و سەرکردەی سەربازی و مێژوونووس و جوگرافیزانی بەناوبانگ و مەزنی کورد و ئیسلام، پاشا ئیسماعیل کوڕی عەلی کوڕی مەحموودی کوڕی محەمەدی کوڕی تەقییەدین عومەری کوڕی شاهەنشای کوڕی ئەیووبی کوڕی شادی، کە بە (ئەبو لفیدا) ناسراوە، لە مانگی (جەمادی یەکەم 672 کۆچی، بەرانبەر بە 1273 زایین) لە شاری دیمەشق لەدایک بووە.
لە تەمەنی منداڵیدا قورئانی پیرۆز و زانستە ئایینی و ژینییەکانی سەردەمی خۆی خوێندووە. لەگەڵ پێگەشتنی زیاتریدا، لە بواری سەربازیشدا پەروەردە کراوە و فێری شێوازە جیاوازەکانی هونەری جەنگی کراوە.
پاشا ئەبوفیدا ماوەی ژیانی لە سەردەمێکی پڕ جەنجاڵیدا بووە، لەکاتێکدا ژیاوە، کە مەمالیکەکان بناغەیان لە میسڕ و شام داکوتابوو و ئەیووبییەکان بەتەواوی لە کایەی ڕامیاریدا لاواز ببوون، بۆیە پێویست بوو مامەڵەیەکی درووستیان لەگەڵدا بکات، چونکە لەو کاتەدا چەند دوژمنێکی زۆر بەهێز بەرانبەریان بوون، لە بەری خۆرهەڵاتەوە مەنگۆلەکان بوون و هێشتا بەردەوام بوون لە شاڵاوی زیاتر بەرەو شام، هەروەها لە بەری خۆراواشەوە خاچدرووشمەکان، هەم لە ئەرمینیای سەر دەریای سپیی ناوەڕاست بوون لە ناوچەی کلیکیا، هەم لە شارەکانی وەک (تەڕابلووس و عەکا و ...هتد) مابوون، کە هەڕەشە بوون بۆ شارەکانی دیکەی شام، بۆیە ئەیووبییەکانی حەما بەگشتی و پاشا ئەبوفیدا بەتایبەتی، وایان بەباش دەزانی، کە پەیوەندییان لەگەڵ مەمالیکدا هەبێت باشترە، چونکە هەم هاوئایینن، هەم مەمالیکەکانیش هێشتا ڕێزیان لە ئەیووبییەکان دەگرت، بەتایبەت (سوڵتان محەمەد قلاون) ، بۆیە پاشا ئەبوفیدا توانیی پەرە بەو پەیوەندییە بدات و سوڵتانیش پاڵپشتیی کرد، کە ببێتە پاشای حەمای ئەیووبی.
بەم جۆرە توانیی دەسەڵاتێکی بەهێز و کاریگەر پێکەوە بنێت و ناو و ناوبانگی بگاتە ڕیزی پاشا مەزنەکانی مێژووی ئیسلام و لە لای مێژوونووسان بە کەسایەتییەکی زۆر مەزن وەسف کراوە، بە جۆرێک، لە ڕووی زانست و بیر و هۆشدا بەراورد کراوە بە خەلیفە مەئموونی عەباسی و لە ڕووی یەکسانی و کردارییشەوە بەراورد کراوە بە سوڵتان یوسف سەڵاحەدینی ئەیووبی مامە گەورەی.
ئەم پاشا مەزنە فەرمانڕەوایەتییەکی دادپەروەر و بەشکۆ و بەهێز بەردەوام بووە، هەتاوەکوو مانگی موحەڕەمی ساڵی (732 کۆچی، بەرانبەر بە 1331زایین) واتە دوای 59 ساڵ لە ژیانێکی سەربەرزانە لە شاری حەما بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و هەر لە شاری حەمای ئەیووبیدا نێژرا.
جێگەی ئاماژەیە، خۆی پێشتر لە فەرمایشتێکدا فەرموویەتی: پێم وا نییە 60 ساڵ تەواو بکەم، چونکە هیچ کام لە بنەماڵەکەم تەواویان نەکردووە.
سەرچاوەکان: 1- السبکي: طبقات الشافعیة الکبری.
2- الحنبلي: شفاء القلوب في مناقب بني ایوب.
3- ابن تغري بردي: النجوم الزاهرة.
4- موحسین مامل محەمەد: کوردستان لە کتێبی تەقویم ئەلبولدانی ئەبولفیدای ئەیووبی.[1]