هەنار و گۆرانی
#عەلی پێنجوێنی#
هەناری دەم و لێو قڵیشاو نەبوایە نەمدەکڕی، زۆربەی زۆری شتەکان بە ساغی، نرخ و بەهایان بەرزە، کەچی هەنار هەتا زیاتر خوێن بە دەم و لێویدا هاتبێتە خوارەوە، زیاتر بەنرخ و بەمایەیە.
بەخەی باجی عەتێ یەکێک بوو لەو هەنار فرۆشانەی هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە. دەنگی کەوچکەکەی، کە دەیدا بە لێواری تەشتە فافۆنەکەدا، تا ئێستاش لە گوێمدا دەزرنگێتەوە.
ئەو هەر زوو وازی لە خوێندن هێنا و شانی دایە بەر کەسابەت. بەخەی باجی عەتێ زۆر شتی دەفرۆشت، شڕوبیی دەفرۆشت. کە باسی شڕوبیی دەکەم، بێ ویستی خۆم پەنجەکانم لە یەکتر دەسووم وە ئەوەی بمەوێ هەروەک منداڵیی، ئاردی شڕوبیەکە لە پەنجەکانم بکەمەوە. ترۆزی بە ترش و خوێی وردەوە، زۆر جاریش حەزم لێکردووە و نەمتوانیوە بیکڕم، کاستەر و محەلەبیشی دەفرۆشت لەژێرپیاڵەدا.
هەموو جارێ بەخەی باجی عەتێ سیخورمەیەکی تێدەکوتیم و دەیوت: ئەرێ دە تۆزێ زوو ئەو ژێرپیاڵەیەم بۆ دابنێرەوە...
ئاخر خەیاڵی زەرد و سوور و پەمەییم لێدەدا بە دیار ڕەسمی ئەو کچە شۆخ و زەنگینەوە، کە لە ناوەڕاستی ژێرپیاڵەکەدا دەبریسکایەوە.
ئەوەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە، هەنار فرۆشتنەکەی بوو. هەنارێکی زۆر و بەرزە قەڵای دادەوەراندە نێو تەشتە فافۆنەکە و لێواری تەشتەکەی دەکرد بە کاغەز. کاغەزەکانی نیوەلەت دەکرد و دەیکردە کوچەڵە، ئینجا هەناری تێدەکرد و دەیدا بە مشتەریەکانی.
باوەڕناکەم ڕەنگ هەبێت لە ڕەنگی هەنار جوانتر و قەشەنگتر بێت بە تایبەت لەنێو تەشتەکەی بەخەی باجی عەتێدا. دەتوت کێوێکە و خستوتە نێو تەشتێکەوە. بە هەوای دڵ سوورایی ئەو هەنارە دەدرەوشایەوە.
بەخوا ئەم کێوە هەنارە دەنککراوە لەنێو ئەم منداڵە چڵیت و پڵیت و بێفلوسانەدا نافرۆشرێت و ساغ نابێتەوە.
خۆم گوێم لێبوو بەخە وایوت، خێرا دەستەسڕە ئاوریشمیە ڕەنگ سوورە ئاڵەکەی کرد بە پزووی شەڕواڵەکەیدا و تەشتە هەناری نا بە تەوقی سەریەوە و ڕوو بە بازاڕ ڕۆشت، لە بازاڕیش ڕوو بە یەک دوو قەیسەری تایبەت دەچوو.
دەمێک بوو ئۆفیسێکم دانابوو بە ناوی ئۆفیسی دیزاینکردنی مۆدێرن بۆ کۆشک و باڵەخانەکان.
بەخەی باجی عەتێ ئێستا، پیاوێکی سەروو میانە ساڵە و سەرپەرشتی پاک و خاوێن ڕاگرتنی ئۆفیسەکەی من دەکات، هەروەها چایچییە لە ئۆفیسەکەشمدا.
باوەڕبکەن ترۆزی و محەلەبی و شروبی و هەنارەکەی منداڵیی و گەنجی چەن بەتام بوو، چایی دەستیشی هێندە و زیاتر خۆش و بەتام بوو.
بڵێم کاک موهەندیس یان بڵێم کاک شێرکۆ...؟
کورە بڵێ تەڕەماش.... بڵێ شێرەی ڕەفیقی منداڵیم.
دەی باشە شێرە گیان، دوو چا بێنم بۆ خۆت و خۆم؟
جا ئەوە پرسی دەوێ، بەڵام دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارەی منداڵیم بدەیتەوە. بیرت دێ بەخە، ڕۆحم دەرچوو بوو هەر جارەی بە وەڵامێکی فریودەر دورتدەخستمەوە؟
پەلە مەکە با چاکە بێنم.
دوو چای جوانی هێنا:
باسی چی دەکەی شێرەی برام؟
خۆت مەخەرە ئەوپەڕی دنیا، بەخەی باجی عەتێ. ئەها پێم ئەوتی ئەرێ تەشتێکی پڕپڕ و قەڵاقەڵایی لە هەنار، دەیبەی بۆ کوێ و بەسەر کێدا ساغی دەکەیتەوە؟ ئەم پرسیارەم لێدەکردیت، تۆش، تۆش..... تۆش.
دە پێم بڵێ، بۆ لە وشەی (تۆش) دا پەنچەر بووی؟
بەخە گیان پەنچەر نەبووم، بەڵام دەکرێ بڵێم تۆش زۆڵانە بە وەڵامێکی تر دەتبردم بە لاڕێدا؟ هەمان پرسیاری منداڵیم هەیە.
خۆت باش دەزانیت و منیش چاکتر لە تۆ، ڕەفیقەکانیشمان ئەوەیان دەزانی، کە من و تۆ دەیان شەو، لە کەلاوەکەی لای ماڵی خۆمانەوە، بە یەکەوە گۆرانیمان دەوت. هەموویان دەیانزانی و منیش دەمزانی، کە دەنگی تۆ لە من زۆر خۆشترە، هەر لەبەر ئەمە بوو دەبوو لێت بشارمەوە، کە ئەو تەشتە هەنارە چۆن دەفرۆشم و دەیکەمەوە بە پارە.
دە گوێبگرە با ئێستا پێتبڵێم، هەموو کوچەڵەیەک کە لە کاغەزی دەوری تەشتەکە درووستم دەکرد، پڕم دەکرد لە هەنار و دەمدا بە یەک بە یەکی دوکاندارەکان. هەندێ دوکاندار نەخۆش بوون نەدەبوو هەنار بخۆن، هەندێکیان پیربوون و دەم و ددانی هەنار خواردنیان نەمابوو، کەچی ئەمان لە دوکاندارەکانی زیاتر بە پەرۆش بوون و کڕینی هەناریان چەند بارە دەکردەوە. شەرتی کڕینی هەموو کوچەڵەیەک هەنار ئەوە بوو گۆرانییەکیان بۆ بڵێم. هەنار و گۆرانیم پێکەوە پێ دەفرۆشتن، ئەوانیش پارەکەیان دەدامێ. بیرم دێت کاتێک کە مەقامم دەوت، هەندێ لە دوکاندارەکان دەفع دەبوون و هەناریان بۆ دەستگێڕەکانیش دەکڕی. ئەو دەستگێڕانەی دەنگی من کۆیکردبوونەوە.
ئێستا وەڵامی پرسیارەکەی منداڵیت وەرگرت؟ منیش با پرسیارێ لە تۆ بکەم، کاتی خۆی ئەمەت بزانیایە، نەدەبوی بە هەنار فرۆش؟
ڕاستت پێبڵێم بەرەوەڵا، دەبووم بە هەنار و گۆرانی فرۆش.[1]