ناونیشانی بابەت: ئیسلام چۆن گەیشتە کوردستان؟
ناوی نووسەر: #حەمە سەعید حەسەن#
بۆچی ئیسلام بە دنیادا بڵاو بووەوە؟ چونکە بەدیلگرتنی ژنان ئازاد بوو. جەنگاوەرانی ئیسلام کە پەلاماری وڵاتێکیان دەدا، ژنانی ئەو وڵاتەیان بە دیل دەگرت و دەیانبردنەوە بۆ شام و حیجاز دەیانفرۆشتن. ئەو ژنانە دەکران بە کەنیزە، ئیدی خاوەنی ئەو کەنیزانە، هەم وەک کۆیلە ئیشیان پێ دەکردن، هەم سواریان دەبوون. سواریان دەبوون، دەربڕینێکی عەرەبییە، ئاخر عەرەب لە باشترین حاڵەتدا، وەک حوشتر سەرنجی ژنیان دەدا. خەلیفەی موسوڵمانان: عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان (646 - 705) کە قورەیشی بووە و لە مەدینە لە دایک بووە، دەڵێت: ئەگەر کەنیزەت بۆ ئەوە دەوێت، چێژی سێکسیی لێ وەربگرێت، با بەربەر بێت، ئەگەر بۆ ئەوەت دەوێت، کوڕێکت لێی ببێت، با فارس بێت، بەڵام ئەگەر بۆ ئەوەت دەوێت، خزمەتت بکات، با ڕۆم بێت. (جلال الدین السیوطي، تأریخ الخلفاء، باب عبدالملک بن مروان.)
کۆشکەکانی عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان، تژیبوون لە کەنیزەی جوان، لە هەموو جۆر و ڕەنگێک، ئەمیان بۆ تێرکردنی ئارەزووی سێکسیی خەلیفە، ئەویان بۆ ئەوەی گۆرانیی بۆ بڵیت و ئەوی تریان بۆ ئەوەی سەمای بۆ بکات. وەک لە کتێبی (سەرەتا و کۆتایی) ی (ئیبن کەسیر) دا هاتووە، خەلیفە شێت و شەیدای ژنانی ئەمازیگ بوو، چونکە باڵابڵند، بەژنزراڤ، ڕووخساربازنەیی، چاوگەورە و گەش و بە کل، دەمبچووک، لێوسوور، ددانپاکژ، کەپووڕێک نەک قولاپی. ژنانی ئەمازیگ ڕۆژانە بۆ جوانڕاگرتنی قژیشیان، خەنە و مێخەک وڕۆنی زەیتوونیان بەکار دەهێنا و جۆرە خاڵێکیشیان دەکوتا کە جوانتری دەکردن. (ئەبوو زەیدی قەیرەوانی) یش لە کتێبی: (پەیام) دا دەنووسێت: عەقەبەی کوڕی نافیع ئەوەندە بە جوانیی ژنانی ئەمازیگ سەرسام بوو، دەیگوت: لە دنیادا لە وێنەیان نییە. هەشتا هەزاری لێ بە دیل گرتبوون، ڕەوانەی دیمەشقی کردن، تا ببن بە کەنیزەی خەلیفە
ئیبن کەسیر لە کتێبی (تەواوی مێژوو) دا دەنووسێت: مووسای کوڕی نەسیر کە مەغریبی فەتح کرد، سێ سەد هەزار ژنی بە دیل گرت، هەرە جوانەکانیانی کە شەست هەزار دەبوون، لێ هەڵبژاردن و بۆ خەلیفە عەبدولمەلیکی کوڕی مەروانی ناردن. کە هیشامی کوڕی عەبدولمەلیک (691 - 743) جێی باوکی گرتەوە، لە باوکی هەوەسبازتر بوو. یەکەمین کاری خەلیفەی نوێ ئەوەبوو، نامەیەکی بۆ نوێنەرەکەی لە ئەمازیگستان نارد، تێیدا داوای لێ کردبوو، سەبایای زیاتری ئەمازیگ بۆ دیمەشق ڕەوانە بکات. لە نامەکەیدا داوای ژنی (فوول مواسەفات) ی کردبوو، لە پاژنەی پێیانەوە تا تەپڵی سەریان، بە شوێنە هەستناکەکانیشیانەوە، بە درێژی باسی کردبوو، کام ژنانەی دەوێت. کە لێشاوی سەبایا دەگەیشت، خەلیفە جوانترینەکانی بۆ خۆی گل دەدانەوە و ئەوانی تریانی بۆ بازاڕەکانی ژنفرۆشتن دەنارد. (ئیبن کەسیر، سەرەتا و کۆتایی، بەشی حەوتەم، لا154) تەبەری دەڵێت: سەد هەزار کچ لە شەقامەکانی شامدا، بۆ فرۆشتن نمایش کرابوون. ( مێژووی پەیامهێنان و پاشایان، بەشی سێ، لا324)
کە 2014 داعش دەوڵەتەکەی خۆی لە عێراق و شام دامەزراند، هەمان ڕێی گرتەوە بەر و ئەو کەلەپوورەی ئیسلامی زیندوو کردەوە. مێژووی کۆن و نوێی ئیسلام پێمان دەڵێت: فەتح بە پلەی یەکەم، بۆ تاڵانی و بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی گەلانی پەلاماردراو بووە و خەڵکانێکی دەروونناساغی هەوەسباز سەرکردایەتییان کردووە. ئیسلام چۆن بە باکووری ئەفریکادا بڵاو بووەوە، بە هەمان شێوەیش گەیشتە کوردستان، وەک چۆن ژنانی تورک و فارس و ئەمازیگ لای سەرانی ئیسلام کەنیزە بوون و بازرگانییان پێوە کراوە، ژنانی کوردیش هەمان چارەنووسیان هەبووە. [1]
سەرچاوە: محمود حسني ڕضوان، موقع إضاءات الإخباري 16 أذار 2012
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=