ناونیشانی بابەت: لە شەقراوێ لۆ نەمسای/ بەشی 22
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
ساڵی 1976 سنفی پێنجی مەعهەدی بووم و هێشتا سارەکەم مابوو خێندنم تەواو بی! لۆ من سارەکی زۆر خۆش بوو، چونکە لەو ئوتێلەی کە لێیەژیام (بەسمە ئەلسەباح) زۆر تەلەبەی کوردی تێدابوون و زۆربەشیان برادەرم بوون و زۆربەی وەختیش پێکڕان بووین. بەران ناو ناوە سەرم لە مارێ خار قادری ڕەحمەتی دەدا ناوی بەخێر، کە هێشتا لە نزیکی شارع کیفاحی بەغدایێ لە مەنتیقەی (ئەبوو دەو دەو)ی دەژیان، وەختی ئەمن لەگەر ڕەنجبەری برا، یا بە تەنیاچووم، هەرچیان هەبا لەگەرەمە بەشیانەکرد.
ئەو و سەعدییە خانی ژنی خوا عەفووی کا، کە کوردی خانەقینی بوون، هەرچەندە وەزعی مادیان باش نەبوو، بەران دریان هەتا برێی باش بوو، ئەوان ئەیانزانی ئۆندە خزمن لە بەغدایێ نینە، لۆیێ زۆر خەمێمەیان بوو، حەزیانەکرد زوو زوو بچینە ماریان و شیومان لۆ لێنێن! لە لایەکی دیکە، لەگەر تەلەبەی کورد دەچووینە سەفرە و مۆزیقەمان لۆ لێدان!
مۆزیقەم لە ئیزاعەی کوردیش لێدا، بەران بەس وەختی لەگەر گۆرانبێژ خەلیل وەندی دەچووم! پێشتر مامۆستا (#عەلی مەردان#)ی ڕەحمەتی، ڕەئیسی لوجنەی ئیختیباری گۆرانی و مۆزیقا بوو، لە دوو وی، (#عیسا بەرواری#) ڕەحمەتی هاتە جێی، پیاوەکی زۆر باش و بێ دەعیە بوو، ئوەندەش خیبڕەی ئیداریی نەبوو! وەختی ئەمن لەحنەکم لۆ ئیختیباری دەبرد، ئەمنی دەناسی و دەیزانی کە ژەنیارم و شارەزامە! بە منی دەگۆت: ئەمن شەرمێ لەخۆکەم، لەحنی یەکەکی وەکوو توو، ئیختیبارکەم! ئەمنیش دەمگۆت: هەر گێش مەدێ! ئەتوو هەنکە ڕەئیسی لوجنەی فەحسی ئەلحانی و دەبی ئیشی خۆت بکەی... خوا هەرناگری، زۆر ئیحتڕامی منیەگرت
کە دەچوومە ئیزاعەی #کورد#ی لەگەر کاک خەلیل وەندی، ڕەحمەتی #فوئاد ئەحمەد#، ڕەحمەتی شێرزاد عەبدولڕەحمان، ناکرا ئیستیفادە لە فڕقەی ئیزاعەی کوردی بکەم چونکە بەشی هەرە زۆریان نابینا بوون و ژەنیاری باش نەبوون! لۆیێ ئەمن چەند کەسەکم ئیختیارەکرد، وەکوو ئیبڕاهیم کە کەمانی لێداو ئەویش هەر نابینا بوو، بەران عازیفەکی زۆر باش بوو، لەگەر عازف ئیقاعەک و عازفەکی کۆنترباس، وابزانم کاک محەمەد قەدری بوو بە خۆشم عوودم لێدا و هەندەک جاریش عازیفەکم لەگەرەخۆبرد، ئەوەی ئیشم پێ نەبوون و لەوێ دەمانۆ، دەمگۆت لۆ خۆ بڕۆن چا و قاوەی بخۆنۆ لە کافتریای! ئەوانیش لە خوایان دەویست عەزف نەکەن!
چونکە ئەوانەی لە فڕقەی ئیزاعەی کوردی مۆزیقەیان لێدا بەزۆری عەرەب بوون و ڕووحیەتیان عەرەبی بوو، نەیانەزانی ڕووحیەتی کوردی چیە؟ یا نەیانەزانی شتەک هەبی بە ناوی مۆزیقای کوردی! لۆیە ئەو کەسەی کە مەسئوولی ستۆدیۆی ئیزاعەی کوردی بوو*، بە منی دەگۆت ئەو مۆزیقەی ئەنگۆ لێدەن، کوردی نیە! ئەمنیش جوابمەداوە و پێمەگۆت، ئەوەی ئەمە لێدەین کوردیە، بەس ئەوەی فڕقەی ئیزاعەی کوردی لێدا و ئەتووش تەسجیلەکەی، ئەوە کوردی نیە! جوملەی موقەدیمە و جوملە و تەرجمەی لەحنی هەمووی زۆر زەعیفن و دوورە لە مۆزیقای ئەسڵیی کوردی و زۆربەشی ئیعادە و تیکڕارە، لویێ هەمووی بە یەک دەچی!
بەڕاستیش هەر وەهابوو! ئەمن شەش ساران لە بەغدایێ تەلەبە بووم، بەران شەش لەحنم نەبردنە ئیزاعەی کوردی! ئەگەر زۆر مەجبوور نەبام هەر نەدەچووم! ئەوجا زەحمەتی چوونە ژۆرێ و تەفتیشکردن و سوئال و جەواب و ترسیش هەر لێیگەڕێ! دەتگۆت دەچیە قەسری جمهووری، هەمووی ئەمن و ئیستیخبارات و قوات خاسە بوو! هەتا دەچوویە ژۆرێ ڕووحت دەردەچوو!
زۆر جار لەگەر برادەرەکانی ئوتێلی بە دوو سێ سەیارەی دەردەچووین، ئەچووینە مەتعەمی کەباب ئەربیل لە مەنسوڕی کە ڕاقیترین مەنتیقەی بەغدایێ بوو، ئەو تەلەبانەی وەزعی مادییان باش بوو، ئەمنیان دەعوەت دەکرد چونکە دەیانزانی وەزعی مادیی من زۆر خراپ بوو، پارەی مەتعەم و سینەمەم نەبوو، ئەوان لەباتیان دەدام و هەتا مردن مەمنوونیانم! ئەمنیش زوو زوو مۆزیقەم لۆ لێدان دەبوە حەفلە لە ئوتێلی! ئەو دوو سارەی ئەخیریم (1977/1976) قەت لە بیرم ناچن، لەبەرەوەی لەگەر تەلەبە کوردەکانی ئوتێلی حسمان بە وەقتی ناکرد و لە لایەکی دیکەش، هەندە نمابوو خیندنێ مەعهەدی تەواو بی.
* نازم نەعیم: عازف کەمانەکی باش بوو، لە عەینی وەختیش مەسئوولی ستۆدیۆی تەسجیلکردنی گۆرانی بوو لە ئیزاعەی کوردی.. کابرایەکی ڕەق و تووڕە بوو وابزانم هێشتا مایە و لە کەنەدای دەژی.[1]