ناونیشانی بابەت: محەمەد غازی خوێنەرە شێلگیرە بچکۆلانەکەی شاری #هەولێر#
ناوی نووسەر: #لەیلا بەرزنجی#
خوێنەرە شێلگیرە منداڵکارەکەی شاری هەولێر بە قسە خۆشەکانی کەسی بەرامبەر ڕادەکێشێت و، وەک پیاوێکی بچکۆلە ڕەفتار دەکات؛ کە لەگەڵیدا دەدوێیت وا هەست دەکەی ساڵانێکی زۆرە لێتەوە نزیکە؛ هاودەم و هاوڕێیە؛ دنیایەک ئومێدی هەیە بۆ خۆی و مناڵانی هاوتەمەنی و، دەیەوێت هاوبەش و سوودمەندیان بکات بە خوێندنەوە و کتێبەکانی؛ هەر بەوەشەوە نەوەستاوە دەستی کردوە بە گەڕان و بەشینەوەی کتێب لە چەند ناوچەیەکی جیا و ئومێد و پلانی هەیە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا هاوڕێ و هاولفەکانی ئاشنا بکات بە نامیلکەکەی خۆی، ئەو لە ئێستاوە بەرنامەڕێژی دەکات هەتا لە نزیکترین دەرفەتدا نامیلکەکەی بەچاپ بگات، وەک خۆی بە زمانە شیرینەکەی وتی نامیلکەکەم کە دەتوانم بڵێم یەکەم بەرهەمم پێک دێت لە چیرۆکی بچووک بچووک، بەو هیوایەم ئەم خەونەی بێتە دی و، کتێبخانەکانی قوتابخانەکەی بێبەش نەکات لەم دیاریە.
هەر لە قسەکانیدا وتی ئێمە یان کتێب دەبەخشین یان کتێبمان بۆ دێت؛ ئەمە جوانترین وتەیە کە لە پاکی و ڕۆحسووکییەوە سەرچاوەی گرتووە. محەمەد لە پۆلی یەکی بنەڕەتیەوە دەستی داوەتە خوێندنەوە؛ بە وتەی خۆی هەتا ئێستا 100 کتێبی خوێندۆتەوە، ئەم خولیایەش لەگەڵیدا گەورە دەبێت؛ وەک خۆی وتی پێش ئەوەی بچێتە باخچەی ساوایان، کاک غازی (باوکی) کتێبی بۆ خوێندۆتەوە و لەگەڵ خوێندنەوەدا گەورە بووە؛خوێندنەوە بووە بە بەشێک لە ژیانی.
بەوەشەوە نەوەستاوە و، ئەم کارەشی گواستۆتەوە بۆ ناو قوتابخانە و بەردەوام لەگەڵ هاوڕێ و هاوپۆلەکانیدا وتووێژ و گڤتۆگۆی زانستی و ئەدەبی دەکات، لەگەڵ هاوپۆلەکانیدا کێبڕکێ دەکات لەسەر زانیاری و خوێندنەوە؛ محەمەد خوێندنەوە بۆتە خەو و خۆراکی؛ توانیویەتی سوود لە ڕۆژانی شەمە وەربگرێت و بێتە ڕێکخراوی خوێنەری کارا و لەوێ درێژە بە چالاکیەکانی بدات وەک خوێندنەوەی قوئانی پیرۆز و، بەرنامە و کاری تازەی هەبێت بۆ ژیانی ڕۆژانەی؛ محەمەد هیچ وەڕز نابێت لە خوێندنەوە، ئەو جیاوازتر لە منداڵان، وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە کە دەتەوێت لە پاشەڕۆژدا ببی بە چی؟ هیوا و ئاواتی ئەوەیە ببێتە لێکۆڵەر و وێژەوان (ئەدیب) و نووسەری بەناوبانگ؛ لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵیدا سازم دا، ئاماژەی بەوە دا کە نایەوێت هەر خۆی سوودمەند بێت لە خوێندنەوە و کتێبەکانی، ئەو دەیەوێ منداڵان دوور بکەونەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کاتەکانیان هەروا بەهەدەر نەدەن، بە شتی لاوەکیەوە خەریک نەبن؛ ئێستا بەهۆی کرانەوەی دەرگای قوتابخانە، بەرنامەی ژیانیان بگۆڕن، ئەو کاتە زیادانەی هەیانە لە خوێندنەوەدا سەرفی بکەن.
بەو هیوایەم محەمەدەکانمان زۆر بێت و بیرکردنەوە و ئامۆژگاریەکانی ئەم خوێنەرە بچکۆلەیە لەبیر نەکەن. سپاسی کاک غازی دەکەین کە بە دەنگ داواکاریەکەمانەوە هات و، کتێبخانەکەمانی دەوڵەمەند کرد بە بەخشینی کۆمەڵێک کتێب و نامیلکە و چیرۆکی بەسوود بۆ قوتابخانەکەمان؛ نمونەیان زۆر بێت. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=