هەم شێخ هەم مەلا هەم عالم شەوە، هەم توولە و تانجی هەم کونە ڕەوە.
پێشوان لەسەر زاری شاعیرێکی جافەوە بەناوی (مستەفای سەرمەست) دەگێڕنەوە و دەڵێن: ڕۆژێک مستەفای سەرمەست و کۆلکە شێخێکی نیمچە خوێندەوار دەچنە ڕاوە کەو، سرووشتی ڕاوەکەو وایە کە چەند باڵێک کەو هەڵدەفڕێنن، ئیتر کەو پەکی دەکەوێت و دەیگرن، مستەفا و شێخ چەند باڵێک کەو هەڵدەفرێنن و کەو پێی نامێنێت و دەچێتە کونە شاخێکەوە، شێخ خۆی پێدادەکات و دەیگرێت، مستەفای سەرمەستیش ئەو پەندەی بۆ دەڵێت: دوای چەند ڕۆژێک پەندەکە بڵاو دەبێتەوە و شێخ دەچێتە لای مستەفای سەرمەست و گلەیی لێدەکات، مستەفاش دەڵێت: بیرت دێت کە هاتن بەدوای مندا، بمبەن بۆ لای خۆتان، بارەکەم تەنیا کەرێکی دێز و بێشکەیەکی بەتاڵ بوو، دەڵێت تۆش بە من بڵێ: (کەری دێز و بەشکی خاڵی، ڕووی بابی ڕەش بێ، بۆ کۆچ و باری) پەندەکە بۆ کەسێکی وەجاخزادە بەکاردێت کە لە ئێستادا بن و بنەچەی ونکردبێت.[1]