ناونیشانی بابەت: 100 ساڵە قوتابخانەی پاشای گەورەی ڕواندز دامەزراوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
سەدەیەک تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندنی یەکەمین قوتابخانە لە #رواندز#، کە بەناوی (پاشای گەورە) ناونراوە. لەسەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، جگە لە قوتابییانی شار و شارۆچکەکانی سنووری ئیدارەی سۆران، قوتابییانی شارۆچکەکانی #کۆیە# و #شەقڵاوە#ش ڕوویان تێی کردەوە، منداڵی سەرجەم نەتەوە و ئایینەکانی دەڤەرەکە بەبێ جیاوازی تیادا قوتابی بوونە.
لەمبارەیەوە، ئەحمەد قادر حەمەدئەمین، قایمقامی شارۆچکەی ڕواندز، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان و قسەی بەساڵاچوان و ڕۆشنبیرانی ڕواندز، قوتابخانەی پاشای گەورە لە شارۆچکەی ڕواندز، وەک یەکەمین قوتابخانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ساڵی 1923 زایینی، لە سەردەمی سەید تەهای شەمزینی، قایمقامی ئەو کاتەی شارۆچکەی ڕواندز دامەزراوە، یەکەمجار قوتابخانەکە لە خانووی هاووڵاتییەکی شارەکەدا بووە بەناوی (حاجی بەگ) ، لەنزیک مزگەوتی خانەقای ناو بازاڕ، دواتر حکوومەتی پاشایەتی ئێراق، لە ساڵی 1926 بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاری درووستکردن و کردنەوەی قوتابخانەی شەش پۆلی دەرکردووە، کە جگە لە قوتابییانی شارۆچکەکە، قوتابییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وەکوو شارۆچکەکانی (سۆران، #مێرگەسۆر#، چۆمان و بەشێک لە شارەکانی دەرەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وەک: شەقڵاوە و کۆیە) لەو قوتابخانەیەدا خوێندوویانە.
یەکەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکە مامۆستا (#عەبدولڕەحمان شەڕەف#) بووە، کە خەڵکی هیران و نازەنین بووە، سەربە شارۆچکەی شەقڵاوە و دانیشتووی کۆیە بووە، ئەو قوتابییانەی وەرگیراون، لەسەرەتادا ژمارەیان (25 بۆ 35) قوتابی بوونە، کەلوپەلی دیدەوانی و مارش، لەسەر دەستی سەید تەها بۆ قوتابخانە دابین کراوە، لە پڕۆسەی خوێندندا تا شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958 سیستەمی بەریتانی پەیڕەو کراوە، ئەو مامۆستایانەی وانەیان گوتووەتەوە، خەڵکی شارەکانی ئێراق و کوردستان بوون، وەک مامۆستا ئەحمەد عەوێز، ساڵی 1930 زایین، مامۆستا شەفیع ئەفەندی، لە نەوەکانی مەلای خەتێ بووە، لەگەڵ چەندان مامۆستای دیکە لە قوتابخانەی پاشای گەورە لە ڕواندز وانەیان گوتووەتەوە.
ئەم قوتابخانەیە لەسەرەتای درووستبوونییەوە تاکوو ئێستا، چەندین کەسایەتیی ناوداری ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و هونەری لێ پێگەیشتووە، لەڕابردوودا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی (قوتابخانەیەکی بە یەکەوە ژیان بووە) ، واتا جگە لە مامۆستا و قوتابیی موسڵمان، قوتابیی کرستیان و جوو لەم قوتابخانەیە هەبوون، ئێستاش ئەو قوتابخانەیە بەناوی میر محەمەدی ڕواندزی کە بە (پاشای گەورە) ناوبانگی دەرکردووە، ناونراوە، هەروەها لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ بە چەندین قۆناغی خوێندندا تێپەڕیوە، چەند شێوازێکی سیستەمی پەروەردەیی لەم قوتابخانەیە پەیڕەو کراوە، لە هەموو بوارەکاندا بەرهەمی باشی هەبووە، دوای 100 ساڵ، تا ئێستا خوێندن لەم قوتابخانەیە بەردەوامە و مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە شارەکە.[1]