#سوداد ڕەسووڵ#
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شیعرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە وێبسیاتی وشە بڵاو بووەتەوە کە گوایە نالی لە تەمەنی بیست ساڵی هاتووە بۆ هەولێر و ئەم شیعرەی بۆ هەولێر نووسیوە.
هەر کەسێکی نالیناس بێ، یان ئەوانەی لە دنیای شیعرە جوان و ناسکەکانی نالیدا ژیاون و تاموچێژیان لە شیعر وەرگرتووە، زۆر بە ئاسانی دەتوانن دەستنیشانی بکەن کە ئەم شیعرە هی ئەو نییە، چونکە شیعرێکی زۆر لاوازە و بە هیچ شێوەیەک لە ڕووی ڕەوانبێژی و ئیستاتیکاوە بە شیعری نالی ناچێت، بەڵام ئەوەی بەڕوونی لە داڕشتنی زمانی شیعرەکەدا دیارە، شاعیر هەوڵی داوە بە زمانێک بنووسێ کە بە زمانی ئەدەبی کلاسیکی دەچێت، ئەو زمانە ئەدەبییەیە کە نالی لە سەدەی نۆزدەم شیعری پێ نووسیوە، زمانیک بووە پڕ بووە لە وشەی عەرەبی.
ئەگەر تەنیا سەرنجی چەند وشەیەک بدەین لەم شیعرە، دەکرێ یەکسەر شیعرەکە بناسینەوە کە هی سەردەمی نالی نییە. بۆ نموونە ناوهێنانی ئەربائیلۆ لە کۆتایی بەیتی شیعرەکەدا بەڵگەی ئەمەیە کە ئەم شیعرە لە سەردەمی نالی نەنووسراوە، چونکە ناوی ئەربائیلۆ لە دوای دەرکەوتنی مێژووی کۆن و خوێندنەوەی خەتی بزماری سومەری لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئەم ناوە مێژووییانەی هەولێر دەرکەوتن وەک ئۆربیلیۆم، ئەربیلا، ئەربائیلۆ، بەڵام ئەربل، ئەربیل لە کتێبە مێژووییە عەرەبییەکاندا لە کۆندا هەبووە، بۆیە ئەمە گاڵتەجاڕییە نالی لە شیعرەکانی ناوی ئەربائیلۆ بێنێ، لە لایەکی دیکەوە ئەگەر نالی شیعر بە کوردی بۆ هەولێر دەنووسێ، بۆ دەبێ بە هەولێر بڵێ ئەربیل، بۆ ناوە کوردییەکەی بەکار ناهێنێ؟
داتاشینی شیعری ساختە بە ناوی شاعیران، یان نووسینی دیوانێکی شیعر بە ناوی کەسانێک کە شاعیر نەبوون، دیاردەیەکی یەکجار قێزەون و ناشیرینە، چەواشەکارییەکی گەورەیە بۆ مێژووی ئەدەبی کوردی؛ ئەم ساختەکارییانە بەم دواییە لە ئەدەبی کوردیدا زیادی کردووە، پێویستە پێشی لێ بگیرێ، و لە لایەن نووسەران و توێژەرانی ئەدەبی کوردی لێکۆلێنەوەی لەسەر بکرێ و بدرێتە دواوە، ڕێگە نەدرێ مێژوویەکی ساختە بۆ ئەدەبی کوردی دروست بکرێ.
مێژووی ئەدەب بە دەقی ساختە و کەسایەتیی وەهمی دروست نابێ؛ نالی گەورەترین شاعیری ئەدەبی کوردییە کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەم قوتابخانەی شیعری کوردی بە کوردیی ناوەندی دامەزراندووە، لە ڕووی ڕەوانبێژییەوە شیعرەکانی ئەوەندە باڵا و پتەون، بناغەیەکی بەهێزی بۆ ئەدەبی کوردی داناوە، بۆیە نالی پێویستی بەم دەقە ساختانە نییە، ئەگەر بە هەر ئامانجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم شیعرانە بە ناوی ئەوەوە دەنووسن، ئەمە تەنیا ناشیرینکردنی دنیای نالییە و هیچی نوێ ناخاتە سەر ئەو ئەدەبە باڵایە کە تەنیا نالی خۆی داهێنەریەتی، و مێژووی ئەدەبی کوردییش بەم شیعرە ساختانە هیچ پێشکەوتنێک بە خۆیەوە نابێنێ.[1]