نەجاڕ بنوە بێخەم و خەیاڵ، خوایەکە و دەرکە هەزار.
نەجاڕ: دارتاش. پێشوان لەم بارەیەوە دەڵێن: لە شارێک پاشایەک هەبوو، لە دارتاش کەوت بەقیندا، وتی: هەتا بەیانی یەک فەردە وردەدارم بۆ نەکەیت، لە ملت دەدەم! دارتاش هەر چەند سەری هێنا و برد، نەیدەتوانێت ئەو کارە ئەنجامبدات، بەخەمباری بۆ ماڵەوە گەڕایەوە، بەسەرهاتی بۆ ژنەکەی باسکرد، ژنەکەی وتی: ئەمشەو بنوو، خوا گەورەیە، بەیانی زوو پاسەوانەکانی پاشا هاتن و لە دەرگایاندا، دارتاش ترسی لێنیشت، پاسەوانێکیان وتی: دەرگا بکەرەوە و خێرا پێشمان بکەوە، پاشا مردووە و تابووتی دەوێت. واتە: لەکاتی نەهامەتی و لێقەوماندا، مرۆڤ نابێت بێئومێد بێت، گەر ڕێگەیەکی لێبگیرێت، دەشێ چەندین ڕێگەی تر هەبێت بۆ ڕزگاربوون. [1]