هێمن عەساف
پەڕڵەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکرات و یەکسانی-#هەدەپ# لە بازنەی وانی باکووری کوردستان لەنێو پەڕڵەمانی تورکیادا وتی، بۆچی ئاڵای تورکیا لەپاڵ ئاڵای باشووری کوردستان دادەنێن، بەڵام لێرە ڕێگە بە ئێمە نادەن بڵێین کوردستان؟
ڕۆژی 09-11-2023، سینان چیفتەیورەک، پەڕڵەمانتاری وانی فراکسیۆنی هەدەپ، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی گشتیی پەڕڵەمانی تورکیادا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕەخنەی لە فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی، مەهەپە، ئیی پارتی، سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی و پارتی یەکبوونی مەزنی تورکیا گرت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕێگری دەکەن لە بەکارهێنانی وشەی کوردستان لەنێو پەڕڵەمانی تورکیادا.
سینان چیفتەیورەک وتی، کۆماری تورکیا بوونی گەلی کورد قبووڵ ناکات. ئێستا ئێوە تازە دەڵێن کورد هەیە و دەڵێن کوردەکان برای ئێمەن. دەبێت نکۆڵی لە بوونی کورد نەکەن. دەمانەوێ بزانین کە بۆچی نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن؟
ئەو پەڕڵەمانتارە وتیشی، دوێنێ ئۆپۆزیسیۆن دەیوت بۆچی حکومەتی تورکیا ڕەخنە لە چین ناگرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو گوشارە بەردەوامانەی دەیخاتە سەر تورکەکانی ئویگور؟ منیش دەڵێم ناتوانێت، چونکە هەر کاتێک ڕەخنە لە چین بگرێت، ئەوانیش کارتی کوردستان بەکاردەهێنن. حکومەتی تورکیا ئەم بابەتە لە من باشتر دەزانێت. هەر کە ڕەخنەیان لێ بگرێت، پێی دەڵێن، تورکەکانی ئویگور قەوارەی فەرمییان هەیە، بەڵام ئێوە نکۆڵی لە کورد دەکەن. کاتێک دەرزی لەنێو چاوی چین دەبینن، پێویستە شوژنی نێو چاوی تورکیاش ببینن. کاتێک وشەی کوردستان بەکاردەهێنین، قیامەت درووست مەکەن.
سینان چیفتەیورەک ڕایگەیاند، هەر مرۆڤێک دایکی هەیە. مرۆڤی بێ دایکتان بینیووە؟ نییە. لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەش گەلی بێ خاک نییە. کوردیش خاکی خۆی هەیە و وڵاتی هەیە، بەڵام ئێوە قبووڵی ناکەن. دەچنە باشووری کوردستان و ئاڵاکەتان لەپاڵ ئاڵای باشووری کوردستان دادەنێن. ئەوانتان بەلاوە پەسندە، بەڵام بۆچی ئەوە بۆ ئێمە قبووڵ ناکەن؟ بۆچی ناتوانن بڵێن کوردستان؟ ئەمە لای خۆتان وەک تێبینی بنووسن. سبەی شانازی بەوەوە دەکەن و دەڵێن، گەورەترین کوردستان، کوردستانی ئێمەیە. ئەمە دوور نییە و دەمەوێ باوەڕ بەمە بکەن.
ڕۆژی 15-10- 2023، پارتی چەپی سەوزی تورکیا-یەسەپە، لە چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆیدا ناوی بۆ پارتی دیموکرات و یەکسانی-هەدەپ گۆڕی و ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەم، ناوی فراکسیۆنەکەشی بۆ فراکسیۆنی هەدەپ گۆڕی و بەمەش بووە نوێترین فراکسیۆنی پەڕڵەمانی تورکیا.
ئەو پارتە لە هەڵبژاردنی 14ی ئایاری تورکیادا 4 ملیۆن و 803 هەزار و 737 دەنگیان بەدەستهێنابوو و خاوەن 57 کورسی پەڕڵەمانە.[1]