هێمن عەساف
پەڕڵەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- هەدەپ دەڵێت: چی دیکە تورکیا بێ کورد گەشە ناکات.
شەوی ڕابردوو، عومەر ئۆجەلان، پەڕڵەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپ لە بازنەی ڕووهای باکووری کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی پەڕڵەمانی تورکیادا وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، تاوەکوو ساڵی 2014، نوێنەرانی پارتی یەکێتیی دیموکراسی- پەیەدە لەسەر فەرشی سوور پێشوازییان لێدەکرا، بەڵام دوای ئەوەی بە گوێرەی سیاسەتی تورکیا هەنگاویان نەنا، ئیدی نەک تەنیا پێشوازیکردن لێیان نەما، بەڵکوو دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتیان دەکرێنە ئامانج.
عومەر ئۆجەلان ڕەخنەی لە سوپای تورکیا گرت کە لە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا لە ڕۆژاوای کوردستان تەنانەت نەخۆشخانە، وێستگەکانی دابینکردنی سووتەمەنی و کارەبا و شوێنی سڤیل دەکاتە ئامانج و وتی، ئەوە لە کاتێکدایە، تورکیا لە کەشێکی دیموکراسیدا و ئەگەر لەگەڵ کورد کاری بکردایە، دەبووە سەرکەوتووترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
پەڕڵەمانتارەکەی هەدەپ باس لەوە دەکات، هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ گۆڕینی هەڵوێست و دەشڵێت، ئیدی تورکیا بێ کورد، گەورە و گەشەسەندوو نابێت. ئیدی کوردیش هۆشیاریی سیاسی هەیە. ئیدی کورد پێداگری لە زمانی دایک دەکات؛ کورد دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی هەبێت؛ کورد دەیەوێت سیستمێکی نوێ دابڕێژرێت.
عومەر ئۆجەلان باسی لە هەوڵەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەرییدا کرد و وتی، ئەگەر سەرۆککۆمار ئەو کێشەیەی چارەسەرکردبا، ڕەنگە ئەمڕۆ لە پێگەی دووەم دامەزرێنەری تورکیادا بووایە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و نەیتوانی. لە 2015ەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، تورکیا چەند ملیم بەرەوپێش چووە؟
پڕۆسەی چارەسەری لە ساڵی 2013 دەستی پێ کرد، ئەو کاتە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو. پڕۆسەکە لە هاوینی ساڵی 2015دا شکستی هێنا و ئیدی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە دەستی پێ کردووە.
شکستی ئەو پڕۆسەیە کاریگەریی لەسەر دۆخی ڕۆژاوای کوردستانیش هەبووە. لە ساڵانی 2018 و 2019دا سوپای تورکیا هێرشیکردە سەر هەرێمی عەفرین و ناوچەی سەرێ کانی و گرێ سپی، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی پەیەدە باڵی ڕۆژاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە.
عومەر ئۆجەلان وتیشی، سەرۆککۆمار نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتە دەست و دەڵێت لە سنوورەکانی باشووری ڕۆژاوا، کوردەکان 30 کم دوور دەخەینەوە. هەموو جیهان بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە نایبینن کە ڕاگواستنی زۆرەملێ دەکرێت و دیوارێکی کۆنکرێتیان لەنێوان کوردەکاندا درووستکردووە و ئامانجیان جیاکردنەوەی کوردە. پێویستە دەستبەجێ واز لەم سیاسەتە بهێنن. دەبێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنن.
ڕۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2023، پارتی چەپی سەوزی تورکیا-یەسەپە، لە چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆیدا ناوی بۆ پارتی دیموکرات و یەکسانی (هەدەپ) گۆڕی و ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەم، ناوی فراکسیۆنەکەشی بۆ فراکسیۆنی هەدەپ گۆڕی و بەمەش بووە نوێترین فراکسیۆنی پەڕڵەمانی تورکیا. لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیادا 4 ملیۆن و 803 هەزار و 737 دەنگیان بەدەستهێنا و خاوەن 57 کورسییە.
دەقی قسەکانی عومەر ئۆجەلان، پەڕڵەمانتاری ڕووها-ی هەدەپ:
لەم وڵاتەدا تا ساڵی 2014، نوێنەرانی پەیەدە لەسەر فەرشی سوور پێشوازییان لێدەکرا. تا ساڵی 2014، #ساڵح موسلیم، # هاوسەرۆکی پەیەدە چەندینجار سەردانی ئەم وڵاتەی کرد و لە چەندین وەزارەت و دامەزراوەی فەرمیی ئەم وڵاتەدا کۆبوونەوە و دیداری ئەنجامدا. ئێستا چی ڕوویدا؟ ئەو کوردانەی بەپێی سیاسەتی تورکیا کاریان نەکرد و ئەو کوردانەی دژی ڕژێم نەجەنگان و ئەو کوردانەی لەگەڵ داعش ڕێکنەکەوتن، ڕۆژانە بۆردوومان دەکرێن. کوێ بۆردوومان دەکرێت؟ نەخۆشخانە، ناوەندەکانی وزە و یەکە نیشتەجێبووەکانی سڤیل بۆردوومان دەکرێن. ئەمە لە کاتێکدا دەبوو تورکیا لە کەشێکی دیموکراسی و یەکگرتووییدا لەگەڵ کورد کاری بکردایە، ئەو کاتە دەبووە سەرکەوتووترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. تورکیا بێ کورد، گەورە و گەشەسەندوو نابێت، چونکە ئیدی کوردەکانیش هۆشیاریی سیاسییان هەیە. ئیدی کوردەکان پێداگری لە زمانی دایک دەکەن؛ کورد دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی هەبێت؛ کورد دەیەوێت سیستمێکی نوێ دابڕێژرێت، بەڵام لە ساڵی 2016ەوە سەرباری بوونی پاشماوەی دیموکراسییەکی لەرزیوو، مافی هەڵبژاردن و خۆبەربژێرکردنیان لە کورد زەوت کرد. ئەو مافە ڕەوایەتان لە ملیۆنان کورد سەند، ئەگەر سەرۆککۆمار ئەم کێشەی چارەسەرکردبا، ڕەنگە ئەمڕۆ لە پێگەی دووەم دامەزرێنەری تورکیا بووایە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، نەیتوانی. لە 2015ەوە، تورکیا چەند ملیم بەرەوپێش چووە؟ سەرۆککۆمار نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتە دەست و دەڵێت: لە سنوورەکانی باشوور ڕۆژاوا، کوردەکان 30 کیلۆمەتر دوور دەخەینەوە. هەموو جیهان بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە نایبینن کە ڕاگواستنی زۆرەملێ دەکرێت و دیوارێکی کۆنکرێتیان لەنێوان کورددا درووستکردووە و ئامانجیان جیاکردنەوەی کوردانە. پێویستە دەستبەجێ واز لەم سیاسەتە بهێنن و دەبێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنن.[1]