هەوار ئیسماعیل
عەبدوڵڵا گول، 11یەمین سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: ئەگەر بمانتوانیبایە لە چوارچێوەی دیموکراسی و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکاندا پرسی کورد چارەسەر بکەین، دڵسۆزی سەرجەم هاووڵاتییانمان بۆ وڵات زیاتر دەبوو.
عەبدوڵڵا گول ڕۆژی هەینی 13-10- 2023 لە شاری قەیسەری تورکیا لە پڕۆگرامی سەد ساڵەی کۆماری زانکۆی عەبدوڵڵا گولدا وتارێکی پێشکەش کرد.
عەبدوڵڵا گول باسی لە هەوڵەکان بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ کرد کە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە کار و بانگەشەی بۆ دەکرێت.
گول وتی، ئەو دەرفەتەی جەنابی سەرۆک لەم ڕۆژانەدا باسی کرد، پێویستە بەڕوونی و بە ڕوانگەیەکی بێ ڕەخنەوە هەڵسەنگێندرێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە دەستووری نوێ مافە بنەڕەتییەکانی هەموو مرۆڤەکان بە پشتبەستن بە پرەنسیپە گشتییەکان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و ئازادییە یەکسانەکان بەهێزتر و زامن بکات.
سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا باسی لە پرسی کورد کرد و وتی، ئەگەر بمانتوانبیایە پرسی کورد کە مستەفا کەمال پاشا لە وتارەکەیدا لە ئیزمیت لە ساڵی 1923 دا جەختی لەسەر کردەوە، لە چوارچێوەی دیموکراسی و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکەین، ئەوا دڵسۆزی سەرجەم هاووڵاتییانمان بۆ وڵات زیاتر دەبوو و، بەم شێوەیە دەمانتوانی ڕێگری بکەین لەوەی ببێتە یاریی هێزە نێودەوڵەتییەکان.
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ساڵی 2014 بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە دەستپێکردنی قۆناخیکی نوێی چارەسەری ڕاگەیاند. بڕیارەکە ڕۆژی 16-07- 2014 لە ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرایەوە.
ساڵی 2015 ڕاگەیێندرا کە پڕۆسەی چارەسەری لە قۆناخی دۆڵمە باخچە کۆتاییهات و شەڕی نێوان #پارتی کرێکارانی کوردستان# (پەکەکە) و سوپای تورکیا دەستی پێ کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە 22-07- 2015 لە هێرشێکدا لە شارۆچکەی سەرێ کانی لە پارێزگای ڕووهای باکووری کوردستان دوو پۆلیسی تورکیا کوژران.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ساڵی 2018 لە پارێزگای کۆنیاوە وتی، جارێکی دیکە چاوەڕێی پڕۆسەیەکی وەها مەبن.[1]