#ئومێد خۆشناو#، پارێزگاری #هەولێر# گلەیی لە کەمی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە بەشداربووان لەسەر سیستەمی تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگاکە هەیە و ڕایگەیاند، جیاکاری لەگەڵ هەولێر دەکرێت.
ئومێد خۆشناو لەمیانی لێدوانێکی ڕاشیگەیاند، پێدانی کارەبا لە وەرزی بەهار و پایزدا تا ڕادەیەک باشە، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی ئەمساڵدا 2023 پێدانی کارەبا لە وەرزی پایزدا خراپ بوو.
پارێزگاری هەولێر داوای لە میدیاکان کرد بەدواداچوون بۆ دۆخی پێدانی کارەبای هەولێر بکەن بە بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، هەولێر پەراوێزخراوە ، ئێمەش بەردەوامین لە گفتوگۆکان لەگەڵ وەزارەتی کارەبا لەوبارەیەوە.
دووپاتیشی کردەوە، دۆخی دابینکردنی کارەبا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆر خراپ بووە، بەتایبەتیی لەگەڵ ئەو کەشوهەوای ساردە، کە تێیدا خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە.
پارێزگاری هەولێر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەست دەکەین هیچ دادپەروەرییەک لە دابینکردنی کارەبادا نییە لەسەر سیستەمی تۆڕی کارەبای نیشتمانی، جەختیشیکردەوە، جیاکاری لەنێوان هەولێر و شارەکانی دیکەدا هەیە، ئاشکراشیکرد، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ هەولێر لە شارەکانی دیکە کەمترە.
خۆشناو داوای لە وەزارەتی کارەبا کرد پێداچوونەوەیەکی دادپەروەرانە لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدات و ڕوونیشیکردەوە لە هەندێک شاردا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دەگاتە 12-13 کاتژمێر بەدرێژایی ڕۆژ، لە هەندێکی تریشدا دوو سێ کاتژمێر کارەبا هەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە هۆی بارگرانی لەسەر خەڵک، وەک ئەوەی ئێستا لە هەولێر هەیە. [1]