نووسینی: #سامانی وەستا بەکر#
خۆشبەختی و هۆشیاری دوو چەمکن کە ئاوێتە و تەواوکەری یەکن کەچی دەکرێت هۆشیاربیت و خۆشبەخت نەبیت، بەڵام تا ئاستێکی زۆر سەختە خۆشبەخت بیت و هۆشیارنەبیت، کەواتە لێرەوە ئەگەینە ئەو ڕاستییەی بۆ بەدەستاهێنانی ژیانێکی باشتر و خۆشبەختی پێویستە هۆشیاربی.
هۆشیاری کۆمەڵگە و هۆشیاری تاک ئەو سەرچاویەن کە ژیانێکی شایستەتر دەستەبەردەکات و ئازادی بیر و یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕیزگرتنی خود و بەرانبەر خود دەچەسپێنێت . هەر لە ڕێگەی هۆشیارییەوە ڕێسا و یاسایەک دەستەبەر بکرێت کە وەک مردن کەس لێی بێبەش نابێت.
پرسیار: بۆ خۆشبەختنین؟
وەڵام: چونکە هۆشیار نین.
پ: کەی خۆشبەختەبین؟
و: کە هۆشیار بووین.
پ: دەکرێت بەبێهۆشیاری خۆشبەخت بین؟
و: خۆت ماندوو مەکە.
پ: کەوایە دەبێت چی بکەین؟
و: بگەڕێ بەدوای سەرچاوەکانی خۆشبەختییدا و هۆشیاری بگرە بە ئامانج و هەوڵبدە تا تێبگەیت.
پ: کەی تێدەگەم و چۆن تێبگەم؟
وەڵام: هەر کاتێک توانیت بیر و بیرکردنەوەت ئازادبکەیت و فکر ڕۆشنکەی.
پ: چۆن ڕۆشنبیرببین؟
و: بە هەوڵدان و گەڕان بەدوای سەرچاوەی زانیارییەکاندا.
پ: دەبێت ڕۆژی چەند بخوێنینەوە تا ڕۆشنبیربین؟
و: ڕۆشنبیری پەیوەست نییە بە خوێنەوەی زۆرەوە بەڵکوو پەیوەستە بە نوێخوازییەوە.
پ: کەواتە کەسی ڕۆشنبیر کێیە؟
و: کەسی ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە هەمیشە خۆی نوێ دەکاتەوە و ڕازی نابێ ئەمڕۆی لە دوێنێ بچێت و سبەینێشی کۆپی ئەمڕۆ بێ بەڵام دەبێت ئەمڕۆی باشترینبێ.
پ: کەواتە پێویست ناکات بخوێنینەوە؟
و: خوێنەوە و گوێگرتن و تەماشاکردن سێ سەرچاوەی هەرە گرنگن بۆ خۆ پڕچەککردن بە زانیاری و دوانەکەوتن لە ڕەوتی خوڵاوەی ڕەوڕەوەی ژیان.
پ: کەوابێ پیویست ناکات بدوێین؟
و: بەبێ دووان کەس نازانێت چۆن بیرەکەینەوە.
پ: کەی بدوێین؟
و: کاتێک بدوێ کە بەباشی تێگەشتبیت.
پ: باشترین کات بۆ قسە کردن چ کاتێکە؟
و: ئەو کاتەیە کە هەمووان بە تا مەزرۆییەوە چاوڕوانبن کە گوێت بۆ بگرن.
پ: چی بکەین تا ئەوانی تر گوێمان بۆ بگرن؟
و: بە متمانە درووستکردن لە ڕێگەی پاکبێژیی، ڕاستبێژیی و کوورتبێژیی.
پ: لە کاتی لێدوان و ئاخاوتندا گرنگی بەچی بەین؟
و: گرنگی بە ناوەرۆکی باسەکەبدە نەک بە دەنگ بەرزکردنەوە چونکە نمەی باران گوڵەکان ئاودار و بۆنخۆش دەکات نەک شەستە و ڕەهێڵە.
پ: کەی کاریگەر دەبین؟
و: لەسەر هەموو ڕووداو و پێشهاتێک مەدوێ، ئەگەر کاریگەریت نەبێت لەسەری، بەڵام کاتێک لەسەر ڕووداو و پێشهاتێک دووایت هەوڵبدە کاریگەریی خۆت و شوێنپەنجەت بەجێبهێڵە.
پ: ئەو شتە چییە کە کاریگەر دەبین لەسەری؟
و: ئەو شتەیە کە زۆری لەسەر دەزانیت و تیایدا قاڵیت.
پ: کێ لە هەموو شتێک دەزانێت؟
و: کەس لە هەموو شتێک نازانێت بەڵام دەکرێت لە شتێکا هەموو شتێک بزانێت.
پ: ئەوەی شتەی من دەیزانم چی دەگۆڕێت؟
و: کۆی تواناکانی تر و ئەو بەشەی تۆش دەیزانی زۆر شت دەگۆڕێت، گەرەترین دەرگاکان بە کلیلە بچوکەکان دەکرێنەوە بۆیە دوورنییە ئەوەی تۆ دەیزانیت کلیلەکەبێ.
پ: دەکرێت لە هەموو گۆڕانێکدا بەشداربم؟
و: مەرج نییە بتوانی هەموو شتێک بگۆڕیت بەڵام گرنگە هەموو ئەوەی لە تواناتدایە بەکاری بهێنیت تا گۆڕانکاری بکەیت.
پ: کەواتە گۆڕانکاری بە زیرەکەکان دەکرێت؟
و: زیرەکی بە تەنیا بەس نییە، بەڵکوو گۆڕانکاری بەوانە دەکرێت کە مێشک و ئەقڵیان بە باشی بۆ باشە بەکاردەهێنن.
پ: زیرەکی چییە؟
و: زیرەکی ئەو شتە نییە کە دەیزانی و درکی پێئەکەی چونکە زانست و مەعریفە دیاریکراوە و ئەوەیە کە ئێستا دەیزانیت بەڵکوو زیرەکی ئەو خەیاڵەیە کە هەوڵ دەدەیت پێی بگەیت و بێ ماندووبوون وچانی بۆ دەکەیت.
پ: کێ زیرەکترە؟
و: زیرەکی پێوەری نییە بەڵام هەموو ئەوانەی ڕۆژانە خۆیان نوێدەکەنەوە و توانایان هەیە بگۆڕێن بەرەو باشتر زیرەکن. لە کۆندا وتوویانە ئەوەی لە پشتی ئەسپ و بەردەمی گا ڕانەوەستێ و لە نەزانیش نزیک نەکەوێتەوە زیرەکە.
پرۆفیسپرو زانای چینی لاوتسو دەڵێت: (چاودێری بیرکردنەوەکانی من مەکە چونکە دەبن بە وشە، بەڵام چاودێری وشەکانی خۆت بکە چونکە دەبن بە کردار، چاودێری کردارەکان بکە چونکە دەبن بەخوو، چاودێری خووەکان بکە چونکە دەبن بە کەسایەتیت، لەکۆتایشدا چاودێری کەسایەتیت بکە چونکە دواڕۆژ دیاری دەکات) .
ئەگەر خۆشبەختی لە فرۆشگاکان بفرۆشرایە ئەوا گومانی تێدانییە کە سەرەی بۆ دەگیراو بەگراترین نرخیش دەکڕرا، بەڵام مرۆڤەکان درک بەوە ناکەن کە خۆشبەختی لەنێوان چنگ و دەستی خۆیاندایە و پێیناگەن! [1]
سامانی وەستا بەکر
سوید-ستۆکهۆڵم
#22-11-2023#