ناوی بابەت: بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات
نووسەر: #ڕەحمان عەزیزی#
شانۆی کوردییەکێکە لە ھەرە گرینگترین ھونەرەکانی کورد و کوردستان و ئەمڕۆکە لە شارەکانی کوردستاندا چەندین شانۆ بە شێوازی جۆراوجۆر دەچیتە سەر شانۆ و نمایش دەکرێت، و ڕوژ لە دوای ڕوژی گرینگییەکی زیاتر بەم بوارە دەدریت. هەڵبەت شانۆی کوردی بە تایبەت لە کوردستانی ئیران، بۆ گەیشتن بەم قۆناغە ڕێگەیەکی سەخت و دژواری بریوه. ساڵانی ڕابردوو و بە تایبەت لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئیران و بە پێی بڕیاری فەرمی و دۆخی ناوچەکە کۆمەڵێک شانۆ بە زمانی فارسی نمایشکران، کە زیاتر بۆ فێستیڤاڵەکان یا خۆ ڕێوڕەسمی تایبەت بە دامودەزگاکانی حکوومەت بوون و زۆرتر لە شانۆگەلی کلاسیکی وەرگیراو لە ئەدەبی فارسی یا خۆ دەقی وەرگێڕدراو لە زمانەکانی دیکە پێک دەهاتن.
هیچ تێبینی و وتار و ڕەخنە و خوێندنەوەیان لەسەر نەدەکرا و لەلایەن بەرپرسان و چاپەمەنییەکانی حکوومیش یان بەها و گرینگیان پێ نەدەدرا یان بە شێوەیەکی ناعەقڵانی بە بەژن و باڵایاندا هەڵدەوترا. ئەو شانۆیانە لە سەرەتادا هەتا دەیەی حەفتای هەتاوی بینەرێکی زۆریان ھەبوو، بەڵام کەم تین و بێ گیان بوون و زۆرکەم خاوەن بنەمایەکی فیکری و هەڵگری پرسیار و تێڕامان بوون و نەیاندەتوانی ورووژێنەری گفتوگۆیەکی جدی و کۆمەڵایەتی بن یان لە پاش خۆیان ڕەوتێکی هونەری و شانۆیی بخولقینن. هەر بەو هۆیەش شانۆ لەو دەمەدا نەیتوانی خۆی بگەیێنێتە ئاستی ژانرەکانی مۆسیقایی و ئەدەبیی وەک هۆنراوە و چیرۆک و پەخشان کوردی و لە ئەدەب و هونەری کوردی دابرا و بەرەوڕووی کەمایەسیی بینەر و بەردەنگ بوو؛ بەردەنگ بە زمانی بێ زمانی هاواریان دەکرد شانۆیەکان دەویت کە دەروەستی بە ژیانی خویانەوە بێت. پاش ئەوە بوو کە شانۆی فارسی و کوردی لە ناوچە کوردەواری بۆ چەند ساڵێک قەتیسما. بە دەرچوونی خوێندکارانی شانۆ لە قوتابخانە و زانکۆکان و پێگەیشتنی بەرەی گەنج و جیلی نوێ و تێگەیشتنی خوێندکاران و نووسەر و شاعێرانی هاوچەرخ لە زەروورەتەکانی سەردەم و گۆڕانکاری لە پێڕەونامەگەلی فەرمی و حکوومی لە دەیەی هەشتاکانی هەتاوی، ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا دەستی پێ کرد. کۆڕی و گرووپ و دەستەوتاقمی شانۆیی سەربەخۆ بە شێوازێکی نوێ و ئورگانیستی لەسەر بنەما و ململانێی هزریی نوێ و بە ئاوڕدانەوە لە سرووشت و ڕەوتی ژیان سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهان و بە تایبەت ژیانی کوردەواری و بە پشتبەستن بە دەقی خۆماڵی سەریان هەڵدا. ئەگەرچی هەوڵەکانی ئەمان تا ڕادەیەکی زۆر نەریتی و تەقلیدی، کەم و لاواز بوو، بەڵام لەگەڵ خۆی مزگێنیدەری ڕەوتێکی تازە بوو کە هەوڵی دەدا بە شێوازێکی زانستی و تێگەیشتنی درووست مامەڵە لەگەڵ شانۆ بکات. ئەم ڕەوتە وەک وتم هاوکات بوو لەگەڵ دەرچوونی خوێندکارانی کورد و هەڵگیرسانی ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا. وەرگێڕانی دەقی شانۆیی کلاسیک و بەرهەمە گەورە و ناسراوەکانی جیهانی شانۆ و هەروەها نووسینی دەقی شانۆیی لە دوای سەرهەڵدانی ئەو بەرە نوێیە، کرانەوەی دەروازەیەکی نوی و تازە بوو بەڕووی شانۆی کوردییەوە و سەرەڕای تەواو کەم و کۆڕییەکان، چرای شانۆی کوردی لەوساوە هەڵگیرسا و ڕووناکایی خستە سەر پەردەی شانۆ. دەقی وەرگیراو لە ئەدەبی کلاسیک و وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی لەم قۆناغەدا دەرفەتێک بوو بۆ ئاشتبوونەوەی بەردەنگ لەگەڵ شانۆ و شانۆی کوردی و فەرهەنگی ڕۆشنبیرانە و تێکستی فیکری کوردی وەک پالپشتێک بۆ شانۆی کوردی ئاوری لێدرایەوە.
بەڵام لەو قۆناغەشدا شایەدی نووسینی شانۆنامە و لێکۆڵینەوەی جیدیی خۆماڵی نین و شانۆنامەی کوردیی بەپێز ئامادەبوونێکی بەرچاوی نییە، ئەگەرچی یەکەم هەنگاوەکانی ئەو پروسەیە دەستی پێ کردبوو؛ پڕۆسەیەک کە پێدەچوو ڕێگەیەکی سەخڵەت و چەتوونی لەبەرە.
چونکە تێوەگلانی کورد لە کارەساتگەلی گەورە و دڵتەزێن لەو سەردەمەدا دەستی باڵای بوو لە نامومکین نواندنی ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانی شانۆی کوردی و پەرستاندنی. هەڵبەت شانۆی کوردی لەو کاتەدا زۆر ئازایانە هەمان ڕەنج و نەهامەتی و کارەساتی خەڵکی کوردی قۆزتەوە و گرێی داوە بە هیوا و ئازار و ئەوینی مرۆڤایەتی بە گشتی. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەنگاوانەی لە بواری شانۆی کوردیدا هەڵگیراوە، ئەوی هێشتا وەک کەمایەسییەک بە ناوچاوی ئەم هونەرەوە هەست پێدەکردێت جێگەی بۆشی دەقی شانۆیی و شانۆنامەیە. شانۆنامەکان لە بری ئەوەی بەهرە لە چیرۆک و ئەدەبی کۆن و زارەکیی کوردی وەربگرن، هێشتا سەرقاڵی دەقە مۆدێرن و نوێیەکان بوون، بە بێ ئەوەی بیر لە توونییەتی و تامەزروویی بینەری کورد بۆ بیستن و دیتنی سەرچەشنە کوردییەکان بکەنەوە. شانۆی مەم و زین، خەج و سیامەند، سیدەوان، سپی مەند، گەنجو خەلیل، زەنبیل فرۆش و زۆر دەقی دیکەی وەک ئەوان توانیویانە سەرنجی بینەر و خوێنەری کوردی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و مێژوویەکی زێڕین لە ماوەی ئەم بیست و چەند ساڵەی ڕەوت و بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا بنەخشێنن. کەواتە گرفتی سەرەکی چ نییە جیا لە هەمان دەقی شانۆی کوردی و هەڵبژاردن و چونییەتی نمایشکردنی. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە دەبێت تەنیاوتەنیا بۆ شانۆی کوردی بەهرە لە دەقی کلاسیک و کوون یان چیرۆک و بەسەرهاتی دێرینی کوردی وەرگرین، بەڵکوو مەبەست ناسینی ئایدیا، فۆرم، شێواز و ستایلی نووسین بەپێوەری ڕوانینی ئەمڕۆیی و بەکارهێنانی ئەو دەقانە لە قەوارەیەکی نوێ و ستانداردە کە هاوکاتی ئەوەی دەروەستی بە فەرهەنگ کۆن و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردەوە هەیە، خۆدەبوێرێت لە بێزارکردن و تۆراندنی بینەران. لەمناوە ڕەوتی شانۆنامەنووسیی کوردی زۆر بە ئەسپایی و خاو هەنگاو دەنێت و زوریش کەم و کۆڕی تێدایە، بەڵام شانۆ گەشە دەکات و ئەزموونێکی چر و دەوڵەمەند لە خۆی بە جێ دێڵێت. شانۆنامەنووسی لە ئەدەبی کوردیدا زور نامۆیە و تا ئێستا نەیتوانیوە وەک ژانرێکی سەربەخۆ دەرکەوێت و پێویستە لەوبارەوە هەوڵی زور جیدی بدەین هەتا جێگە و پێگەی شیاوی خوی بدۆزێتەوە و دەبێت نووسەرانیش کاتێکی زیاتر بۆ ئەم ژانرە تەرخان بدەن و هەروەها شانۆکارانیش هاوڕێ و یاریدەدەری نووسەران بن. ئەگینا شانۆنامەنووس بە تەنیا ناتوانیت دەقی سەرکەوتوو بنووسێت و بەرهەمێکی زیندوو و مۆدێرن بخولقێنێت. ڕۆڵی شانۆکار بۆ یارمەتیدانی شانۆنامەنووس ئەوەیە کە لەپێناو باشترکردن و بەپێزترکردنی بەرهەمەکەی، پێشنیار و ڕەخنەی هونەریی شیکارانە و شانۆگەرانە لەسەر نووسراوەکە ئاڕاستە بکات. شانۆنامەنووس و شانۆکار دوو چینی پێکەوە گرێدراوەن، کاتێک شانۆنامەنووس نەیتوانی بەرهەمەکەی بباتە سەر شانۆ و بە تەواوەتی خۆی لەو جیهانییە داببڕێت، ئیتر شانۆی ئەو گەلە ڕوو لە داڕمان و لە ناوچوون دەنێت و لەگەڵ پەرەسەندنی بێ متمانەیی، کەلێنێک دەکەوێتە نێوان هونەری شانۆ و کۆمەڵگە. بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات و بەرەو تەنگژەی مەرگ دەچێت و بەسەختی چارەسەریشی بۆ دەستەبەر دەکرێت. بۆیە دەبێت هەموو هەوڵی خۆمان بدەین کە لە بناغەوە بە هزر و جەستەی نووسینی شانۆنامەدا بچینەوە. [1]