#نێچیرڤان بارزانى# سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، #هەولێر# و #بەغدا# بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان خەریکی گفتوگۆی تەکنیکین، باڵیۆزی تورکیاش ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دووپات دەکاتەوە.
قسەکانى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەمیانى کۆبوونەوەى عەلی ڕەزا گوینای، باڵیۆزی تورکیا لە ئێراق و شاندێکی یاوەری کردبووە، کە بە گوێرەى ڕاگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى هەرێم، هەردوولا ستایشی ئاستی پەیوەندییەکانی تورکیایان لەگەڵ ئێراق و هەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکان و هاریکاریی هاوبەش بەتایبەتیی لە بواری بازرگانی و ئابووریدا کردەوە.
هەر بە گوێرەى ڕاگەیەنراوەکە، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کورستانیش، باڵیۆزی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەناردەکردنەوە دووپات کردەوە. لەمبارەیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەڵوێستی تورکیای کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بۆ ئەم مەبەستە ئێستا هەولێر و بەغدا خەریکی گفتوگۆی تەکنیکین.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دۆخی ئێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر بەغدا، دۆخی پێکهاتەکان لە ئێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو. [1]