وتەبێژی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# ڕەتیکردەوە ئەوان داوایانکردبێت لە بازگەکانی ئێراقەوە ڕێگری لە مامۆستایان بکەن ڕوو لە شاری #بەغدا# بکەن و ڕایگەیاند، هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئێمەشە.
#پێشەوا هەورامانی# وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی #28-11-2023# لەمیانى لێدوانێک ڕاشیگەیاند، هیچ هەوڵێک لەنێوان حکومەتی هەرێم و ئێراق نییە بۆ ڕێگری لە مامۆستایان، وە ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ ڕێکەوتنی مووچەیە بۆ مامۆستایان و توێژەکانی تر نەک ڕێگریکردنیان، ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد، چ پێویست بوو لە بازگەکانی ئێراقەوە بیکات.
وتەبێژى حکوومەتى هەرێم جەختیشیکردەوە، ڕوونە کە هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئێمەشە، ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە، کە ماف و ئیمتیازاتی مووچە و مافی خەڵکی هەرێم لای حکومەتی ئێراقە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوو ڕۆژ پێش ئێستا مامۆستایانى سنوورى #سلێمانى# بە نیازبوون خۆپیشاندانەکانیان بەرنە بەغدا و داواى مووچەکانیان لە حکوومەتى ئێراق بکەن، بەڵام لە #کەرکووک# ڕێگرییان لێکراو نەیانهێشت بچنە شارى بەغدا. [1]