پاش ئەوەی لە یاری کۆتایی خولی پلە یەکی لاوانی یانەکانی ئێراق لاوانی پێشمەرگەی #سلێمانی#، ڕووبەڕووی یانەی سەناعات کارەبا بوونەوە و توانیان بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام سەرکەوتنیان بەسەر تۆمار بکەن، دەستەی ڕاهێنەرانی یانەی سەناعات کارەبا تانەیان ئاڕاستەی لیژنەی سزاکانی سەر بە یەکێتی تۆپی پێی ئێراق کرد سەبارەت بە هەبوونی یاریزانی تەمەن گەورە لە تیمی لاوانی یانەی پێشمەرگە، ئەمە و دوایی داواکردنی بەڵگەکان و ئامادەبوونی یاریزانان لە بەردەم لیژنەی ناوبراو لە یەکێتی تۆپی پێی ئێراق کە بە ئامادەبوونی وسام محەمەد بازگ سەرپەرشتیاری گشتی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بوو، دواجار دوایی پێداچونەوە بە بەڵگەکاندا و دەرکەوتنی ڕاستی و درووستی تەمەنەکان، لیژنەی سزاکان لە یەکێتی تۆپی پێی ئێراق تانەی یانەی سەناعات کارەبایی ڕەت کردەوە کە ئاڕاستەیانی کردبوو.
ئەمە و لە شاری #بەغدا#وە وسام محەمەد بازگ لە لێدوانێکی تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرت وتی، تیپەکانی یانەی پێشمەرگە هەمیشە بە پێی تەمەنی خۆیان یاریزانانیان بۆ تیپەکانی ئاستە تەمەنییەکان دیاری کردووە و بگرە زۆر جار یاریزانی ئاستی تازەپێگەیشتومان بۆ تەمەنی لاوان یاخود بێچووە شێرانمان بۆ تەمەنی تازەپێگەیشتووان یاریان کردووە کە ئەمەش ئاست بەرزی تیپەکانی یانەی پێشمەرگەی لە خولەکان پیشان داوە.
وسام ئاماژەی بەوەشکرد کە دوایی داواکردنی بەڵگەکان لە شاری بەغدا ئامادە بوین و سەرجەم ڕاستی و درووستی تەمەنەکانمان بە بەڵگەوە خستە بەر دەم لیژنەی پێداچوونەوە.
جێگەی باسە بە بردنەوەی لە یانەی سەناعات کارەبا لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی توانیان بگەنە ڕیزی یانە نایابەکانی ئێراق لە وەرزی داهاتوودا و هەروەک یاری کۆتایی خولی پلە یەکی یانەکانی ئێراق کە لە بەرانبەر لاوانی یانەی بەحری لەو یاریەدا یاری دەکەن. [1]