بە بەشداری نوێنەری یانەکانی بەشدار لە خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق، تیروپشکی یارییەکانی خولی بالەی ئێراق بۆ وەرزی 2023-2024 لە شاری #بەغدا# ئەنجام درا.
سەبارەت بە ئەنجام دانی یارییەکان و شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە، ئیبراهیم مەزهەر سەرۆکی لیژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی بالەی ئێراق بە کەناڵی وەرزشی ئێراقیە سپۆرتی زمان حاڵی حکومەتی ئێراقی ڕاگەیاندوو وتی، 15 یانە لەم وەرزە بەشداری لە ڕکابەرییەکانی خولەکە دەکات کە دابەشی سەر چوار کۆمەڵە کراون وە لە هەر کۆمەڵەیەک دوو تیم دەگاتە قۆناغی داهاتوو کە ژمارەی تیمەکان دەبنە هەشت تیم و دواتر و بە شێوازی کۆمەڵە بە دوو قۆناغ یارییەکانی قۆناغی هەشت تیمیش بەڕێوە دەچێت.
ئیبراهیم لە درێژەی وتەکانی وتی، پاشان چوار تیم دەگەنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و دواتر لەو قۆناغەدا بە چوار کۆبوونەوە یارییەکان ئەنجام دەدرێت چونکە یەکێتی بالەی ئێراق ڕەچاوی باری دارایی یانەکانی کردووە و هەر بۆیە دەبێت یارییەکان بەو شێوازە بەڕێوە بچن.
دواتر تیروپشک بۆ جیاکردنەوەی یانەکان ئەنجام دراو لە کۆمەڵەی یەکەم یانەکانی (غاز جنوب، سمود، نعمانیە و ئەبوو ڕیشە) و لە کۆمەڵەی دووەم یانەکانی (مەسافی شیمال، بەحری و حەدیسە) و لە کۆمەڵەی سێیەم یانەکانی (#هەولێر#، حەبانییە، ئەهوار و دەغارە) بە یەک دەگەن و هەرچی لە کۆمەڵەی چوارەم و دوا کۆمەڵەیە (پێشمەرگە، سەناعە، مقدادیە و نەینەوا) ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە. [1]