بەدرخان سندی، نووسەر و ڕووناکبیری شاری دهۆک لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانیدا ڕایگەیاند، دەوڵەتبوون و ئامانجی گەلی کورد، شتێکی ستراتیژییە و کراسێک نییە دایکەنین، ئەوە کفنیشە. دەشڵێت، دەوڵەتبوون لە خوێنمدایە.
ڕۆژی چوارشەممە، 06-12-2023، د. بەدرخان سندی، نووسەر و ڕووناکبیری کورد لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانیدا بە ڕووداوی گوت، ''ڕێزلێنان بۆ ئەدیب، شاعیر و ڕووناکبیر، ڕێزلێنانێکە بۆ میللەتەکەی، چونکە ئەوە زمانی نەتەوەی کوردە و ئەم ڕێزلێنانەش نەک تەنیا بۆ من بەڵکوو بۆ هەر کەسێکە کە دەستی نووسینی هەبێت.''
بەدرخان سندی، نووسەر و ڕووناکبیر بۆ ئەیوب نەسری، پەیامنێری ڕووداو لە دهۆک قسەی کرد و باسی لە دەوڵەتبوون و چەند پرسێکی دیکەیش کرد، ئەو پێیوایە کە هەڵەیە دەوڵەتبوون و گەندەڵی بە یەکەوە ببەسترێنەوە و وتی، ئەگەر هەندێک بەرپرس گەندەڵ بن، مانای ئەوە نییە من وڵاتم نەوێت، چونکە ئەوە پەیوەندییان بە یەکەوە نییە.
ئەو ڕووناکبیرە زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسەی کرد، وتی پێم ناخۆشە گەندەڵی هەبێت و ئیشاڵڵا نەمێنێت، بەڵام دەوڵەتبوون و ئامانجی گەلی کورد، شتێکی ستراتیژییە و کراسێک نییە دایکەنین، ئەوە کفنیشە. دەوڵەتبوون لە خوێنمدایە.
بەدرخان سندی لە ساڵی 1946 لە#زاخۆ# لەدایکبووە، لە زانکۆی وێڵز لە بەریتانیا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە و مامۆستای زانکۆ بووە.
بەدرخان لەنێوان ساڵانی 1979 و 1996 بە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد هەڵبژێردرا. ساڵی 1970 وەکوو سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی چەند گۆڤارێک کاری کردووە، وەکوو چیا و شەمس کوردستان.
هاوکات ساڵانی 1990-1996 سەرنووسەری هاوکاری، بەیان، ڕەنگین، هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری کوردی بووە. چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەشی هەیە.
بەدرخان سندی ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی هەڵبەستەکانی لە ئێش و ئازاری کوردەوە سەرچاوە دەگرن و ''لەگەڵ کێشەی کورددا دەژیم، ئەگەر کێشەی کورد نەبووایە ڕەنگە خۆشتر ژیابام، بەڵام نەبوونی دەوڵەتی کوردی ئازارێکە لەنێو مندا دەژیت.'
ئەو ڕووناکبیرە کوردە وتیشی، ''من گەندەڵی و ئامانجی گەلی کورد بۆ بوون بە دەوڵەت پێکەوە گرێ نادەمەوە و دوو بابەتی جیان، واتا ئەگەر هەندێک بەرپرس گەندەڵ بن، بە مانای ئەوە نییە کە دەوڵەتی کوردیمان ناوێت، حەز ناکەم گەندەڵی هەبێت، بەڵام بە دەوڵەتبوون و ئامانجی گەلی کورد، شتێکی جیایە و لێی بەردەوام دەبین''.
ساڵی ڕابردووش لیژنەی خەڵاتی جگەرخوێن بۆ داهێنان، خەڵاتەکەی لە بواری هەڵبەست و خزمەتکردنی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردی بەخشییە بەدرخان سندی، بەو پێیەی یەکێکە لەو شاعیرانەی بە بەرهەمی ئەدەبی و فەرهەنگی خۆی پەرتووکخانەی کوردی دەوڵەمەند کردووە. [1]