ئەو وشەیەی ئەمڕۆ لەسەر زمانی ژمارەیەکی زۆر دایکان دەیبیستیت، ئەوەیە کە دەڵێن، منداڵەکەم بەردەوام بەدیار تەماشاکردنی مۆبایلەوە دادەنیشێت، قسەم لەگەڵ ناکات و ناخوێنێت، هەندێک کەس پێیان وایە مانەوەی منداڵ بەدیار مۆبایلەوە تەنیا بۆ خۆشی و کات بەسەربردنە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم ڕەفتارە مەترسیدارە و منداڵەکەت ئالودەی مۆبایل بووە.
ماڵپەڕی social media victims چەند ئاماژەیەکی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە لەوەی منداڵەکەت ئالودەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە.
1. منداڵەکەت بەردەوام تەماشای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بەشێوەیەک کە کاریگەریی لەسەر چالاکییەکانی ڕۆژانە درووستکردووە، وەکوو خوێندن، چالاکی جەستەیی، خواردن و خواردنەوە.
2. کاریگەریی لەسەر سیستمی خەوتنی درووستکردووە بەشێوەیەک کە خەوی ناڕێک بووە و کەم خەو بووە.
3. منداڵەکەت تووشی گرفتیی تەندرووستی دەبێت، وەکوو قەڵەوی، خەو لێ نەکەوتن، گرفتی بیستن، گرفتی بینین، ئازاری ئێسک و مل.
4. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لاواز دەبێت، تەنانەت بە کەمی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی دەدوێت.
5. هیچ بیرۆکەیەکی داهێنەرانەی نییە، کاتێک کارێکی پێ دەسپێریت کە لەگەڵ تەمەنیدا بگونجێت، ناتوانێت ئەنجامیبدات.
6. توانای سەرنجدانی کەم دەبێتەوە، بە چەند جارێک بیرهێنانەوە ئەو شتەی بیردەکەوێتەوە کە پێت وتووە.
7. کاتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی زیاترە لە دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، کاتێکیش لێی دووردەخەیتەوە، توڕە و نیگەران دەبێت.
8. کاتێک مۆبایلی لێ دووردەخەیتەوە، نازانێت چ کارێک بکات، چێژ لە یاریکردن نابینێت و چاوەڕێی ئەو کاتە دەکات کە مۆبایلەکەی پێ دەدەیتەوە. [1]