زنجیرە چیای کۆساڵان
نووسینی: ب.چاکەخواز
کۆساڵان زنجیرە چیایەکە لە 25 کیلۆمەتریی باشووری ڕۆژاوای شاری #مەریوان# دا لە پارێزگای #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە دابەشکاری ئیداریی ئەمڕۆی ئێراندا، سەربە شارستانی #سەوڵاوا#یە.
ئەم چیایە لەسەر ڕێگەی مەریوان-کامیاران و لەنێوان هەر دوو ڕووباری سیروان و شامیاندا هەڵکەوتوووە. لە بەرانبەری گوندی بنۆڵەوە تا دەگاتە ڕووبەڕووی گوندەکانی ژرێژە و دەڵەمەرز کێشراوە. گوندەکانی: دووڕۆ، ڕەزاو. دەگاگا، کەکڵیاوا، کۆڵیژ، دەل، ڕوار، هەباساوا، وەرگەویەڕ و ژیوار لە بناری چیای کۆساڵاندان و هەواری هەمووشیان لە کوێستانەکانی ئەم چیایەدایە.
ڕووبەری کۆساڵان 194 کیلۆمەتری چوارگەشە و دەوراندەوری 80 کیلۆمەترە، بڵندیی بەرزترین لووتکەکانی دەگاتە 3000 مەتر. ژینەواری 224 جۆر ڕووەک و 195 گیانلەبەری جۆراوجۆرە.
ئەگەرچی سرووشتی تایبەت و جوان و ڕازاوەی کۆساڵان بووەتە هۆی ئەوەی کە لە هۆنراوەی شاعیران و گۆرانییە فۆلکلۆرەکانی ناوچەکەدا ڕەنگدانەوەیەکی زیاتر لە شاخەکانی دیکەی ببێت، بەڵام بۆ خەڵکی مەریوان و #هەورامان#، کۆساڵان تەنیا ژینگەیەکی دێرین و دیمەنێکی دڵڕفێن و سەیرانگایەکی بەهەشتی نییە و زۆر زیاترە لە بۆنی گوڵ و قاسپەی کەو و گژوگیای بەهاری و ئێوارانی هەوار و هاژەی بەفراو و زایەڵەی سیاچەمانە.
کۆساڵان بەهۆی هەڵکەوتەی سرووشتی-ژیۆپلۆتیکی تایبەتییەوه، بۆ سەرجەم حاڵەتەکانی جەولە، یەکگرتنەوە، ڕێکخستن، حەوانەوە، شەڕ و بەرگری؛ هەمیشە میوانداری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و دەیان داستانی دلێری و نەبەزی و خۆڕاگریی شۆڕشگێرانی کوردستانی تێدا تۆمار کراوە. دانەبڕانی شێرەکوڕانی نەبەردی نیشتمان لە ڕۆژە تاڵ و شیرینەکانی خەباتدا لەوێ، کۆساڵانی کردووە بە سەنگەرێکی بەردەوامی خەباتی ڕزگاریخوازانەمان. کەمتر چیایەک لە کوردستاندا هەیە کە بە ڕادەی کۆساڵان حوزووری ڕۆڵەکانی گەلی بەخۆیەوە بینیبێ، بۆیە کۆساڵان لە چیاکانی دیکەی دەوروبەری سیمایەکی بەرز و بەڕێز و پیرۆز و خۆشەویستتری لە لای خەڵکی ناوچەکە و کوردستاندا هەیە.
سەرەتای هاوینی 1395ی هەتاوی 2016ی زایینی (5 تا 18ی پووشپەڕ) بەهۆی شەڕێکی قارەمانانەی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ تاریک پەرستانی کۆماری ئیسلامی لەو چیایەدا، کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە حەماسەی کۆساڵان ناودێر کراوە؛ ئەو چیا سەرکەش و ناوازەیە دیسانەوە بە خوێنی خۆشەویستترین ڕۆڵەکانی گەل خەمڵی و بەو بۆنەیەوە لە بەرچاوی بیر و زەینی کوردایەتیدا ئێستا ئیتر کۆساڵان لە ئێڤێرێستیش بەرزترە. [1]
Sebah Nikxa
سەباح مەلا عەبدوڵڵا