بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ یارییەکانی پاڵەوانێتی تۆپی پێی لاوانی وڵاتانی ئاسیا، هەڵبژاردەی لاوانی ئێراق بە شێوەیەکی چڕ مەشق و ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا و بە مەبەستی پتەوترکردنی هێڵەکانی لەنێو یاریگەدا، ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە، دوایی ئامادە بوونی لە یاری نێوان لاوانی یانەی پێشمەرگە و بەحری لە کۆتا یاریان لە خولی لاوانی یانەکانی ئێراق دوو یاریزانی لاوی پێشمەرگەی بانگێشتی هەڵبژاردەکە کرد.
سەبارەت بە بانگێشت کردنی یاریزانانی پێشمەرگە بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی لاوانی ئێراق، وسام محەمەد بازگ سەرپەرشتیاری گشتی تیپەکانی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاندوو وتی، پاش ئەوەی تیمەکەمان گەیشتنە یاری کۆتایی و یاریزانانمان ئاستێکی ناوازەیان پیشان دا، بەندە وەک لێپرسراوێتی و هەڵبژاردنی یاریزانانمان، بانگێشتی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی ئێراقم کرد تا لە یاری کۆتایمان ئامادەبێت و ئاستی یاریزانانمان ببینێت، هەروەک وسام ئاماژەی پێکرد کە خۆشبەختانە ڕاستەوخۆ لە پاش یاریەکەمان ڕاهێنەر، هەردوو یاریزان (ئەیهاب ئیبراهیم عەزیز لە هێڵی بەرگری و یاریزانی ژمارە 16) و (ڕابەر جەمال عەزیز لە هێڵی ناوەڕاست و یاریزانی ژمارە 10) ی ڕاستەوخۆ بانگێشتی هەڵبژاردەکە کردوو پەیوەندیان بە هەڵبژاردەی ئێراق کرد و لەگەڵ شاندەکەمان لە شاری بەغداوە نەگەڕانەوە شاری #سلێمانی# و بوونە یاریزانی هەڵبژاردەی ئێراق.
سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە ئەوەشی نەشاردەوە کە ئاستی یاریزانانی تیپەکانیان زۆر بەرزە و شایستەن بۆ گەیشتن بە ڕیزی هەڵبژاردەکانی ئێراق لە ئاستە جیاوازەکاندا و ئەوەی جێگەی دڵخۆشیشیان بووە کە سەرنجی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئێراق لەسەر یاریزانەکانیان زۆر باش بووە و بە تیمێکی نایابی لە قەڵمداون.
[1]