#دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ#، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ڕایدەگەیەنێت، ئەوان کێشەیان لەگەڵ پێکهاتەکان نییە، بەڵام گرفتیان لە بەکارهێنانی پێکهاتەکانە و دەیانەوێت سەربەخۆ بن، چونکە لە خولی ڕابردووی پەڕڵەمانی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە سەربەخۆ نەبوون.
دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەمڕۆ ڕێکەوتی #13-12-2023# لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای حیزبی شیوعی لە شاری #هەولێر# ڕایگەیاند ئێمە دوای کۆنگرەی پێنجی حیزبەکەمان، دەستمان بۆ هەموو لایەنەکان درێژ کردووە بۆ دایەلۆگی نیشتمانی بۆ ئەو ئەگەرانەی بە ناوچەکەدا تێپەڕ دەبن، پێمان باشە ئەو دایەلۆگە بەردەوام بێت.
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان کە بڕیارە ڕۆژی #25-02-2024# ئەنجام بدرێت، ناوبراو وتی ئێمە نەمانتوانی لە پەڕڵەمان چارەسەری یاسای هەڵبژاردن بکەین، بۆیە پێمان باشبوو ئەم یاسایە لەگەڵ ئەم قۆناغە بگونجێت، بۆیە ئامادەکاریمان بۆ هەڵبژاردن کردووە.
دەربارەی سەردانیان بۆ لای پێکهاتەکانیش، دەرباز کۆسرەت ڕوونیکردەوە ئێمە لەگەڵ ئەوان کێشەمان نییە و بەداخەوە تێڕوانینێک درووست بووە کە ئێمە دژی پێکهاتەکانین، ئێمە گرفتمان لە تێڕوانین و بەکارهێنانی پێکهاتەکانە و دەمانەوێت سەربەخۆ بن، بەڵام بەداخەوە لە خولی ڕابردووی پەڕڵەمانی کوردستان بینیمان لە ڕووی سیاسییەوە سەربەخۆ نەبوون، بۆ ئەوەش نیگەرانی کردین کە چۆن چارەسەری ئەو بابەتە بکەین. [1]