هەردی دولبەر
هەنار لەناو ئەفسانە و ئایینە کوردییەکاندا پێگەیەکی پیرۆز و تایبەتیی هەیە، وەک میوەیەکی پیرۆز و بەرەکەت و لەدایکبوون ناسراوە.
هەنار یەک لەو میوە خۆش و پیرۆزانەیە کە لە جوگرافیای زاگرۆسدا هەیە، هەروەها لەنێو ئەفسانە و ئایینە کوردییەکاندا پێگەیەکی پیرۆز و تایبەتیی هەیە، چونکوم دانەی زۆرە و وەک میوەی بەرەکەت و پیت و فەڕ و لەدایکبوون بینراوە، لە کولتووری کوردەواردا هەڵیانداوە بۆ بووک لە زەماوەنددا و تا ئێستاش زاوا هەنار پێشکەشی بووک دەکات. ئەمە جگە لەوەی لە کوردەواردا، هەنار دراوە بەو ژنانەی کە پاش گواستنەوەیان و زەماوەندیان منداڵیان نەبووە، وەک وەسیلەیەک بۆ منداڵبوون لەسەر بنەمای ئەوەی کە میوەیەکە دەلالەت لە زۆربوون ئەکات. ئەمە جگە لەوەی ناوی هەنار بە بەرفراوانی لە کولتووری کوردەواردا بینراوە وەک: هەنارە، نار، گوڵنار و نارێ.
هەنار لە فەرهەنگی #هەورامییەکان# دا، ڕەگەزی مێیە و وەک میوەی ئاتەشگاکان ناسراوە، ڕەنگە سوورەکەی لە ڕەنگی خواوەندە کۆششکارەکانی هەورامان و خواەندی میترا دەچێت. لەنێو ئەفسانەکانی زاگرۆس و ئەدەبیاتەکەیدا، هەنار شوێنی خۆی هەیە. ئەمە جگە لەوەی زۆرێک لە ناوی شارەکانی کوردستان لە ناوی هەنارەوە سەرچاوەی گرتووە، وەک گوندی هەنارە، ئەنارکی لە شاری #ئیلام#، ئەنار لە سەرحەد و باخەهەنارە لە #گەرمیان#. جگە لە چەندین ناو لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەناری لای یابانییەکانیش بە زاکورۆ ناوی هاتووە، کە لە ناوی زاگرۆسەوە وەرگیراوە، لە تاتەقوڕینەکانی سۆمەریشدا وێنە و شوێنەواری هەنار بەرچاو کەوتووە، کە وەک پیرۆزی و داری ژیان و هاوشێوەی تەوتەم بینراوە.
لە سوورەتی ئەلڕەحماندا 68جار ناوی هاتووە
لە باشووری شاری #سنە#دا گوارە دۆزراونەتەوە، کە لەسەر شێوەی هەنار لە ئاڵتوون درووستکراون، کە سەردەمەکەیان بۆ وەختی هەخامەنشینەکان دەگەڕێتەوە. نموونەگەلی لەم جۆرە فرەن کە لەلایەن دەسەڵاتدار و پاشاکانەوە هەر لە سارگۆنی یەکەمەوە تا داریوش یەکەم. لە دینی میترایی و کولتووری هەوراماندا تاجی سەری پادشاکان لە گوڵی هەنارەوە وەرگیراوە و تا ئەوڕۆش وەک خۆی ماوەتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕیشە کۆنەی کە لە میزۆپۆتامیادا هەیە. پیرۆزیی هەنار لە گۆرانی و ئایینە کوردییەکاندا بە جۆرێک فراوان بووە، کە کاریگەرییی لەسەر ئاییننە ئیبراهیمییەکانیش هەبووە و لە قورئاندا و لە سوورەتی ئەلڕەحماندا 68جار ناوی هاتووە.
لە ڕازی خۆشەویستیی نێوان شیرین و فەرهادیشدا، ئاماژە بە ناوی هەنار کراوە، وا بینراوە کە لە شاخی بێستووندا، داری هەنار هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وەختەی فەرهاد هەواڵی مەرگی شیرین ئەبیستێ و تەورێک دەکێشێ بە سەری خۆیدا و هاووەخت کلکی تەورەکە لە داری هەنار درووستکراوە، خوێناویی دەبێت و لە شاخی بێستوون دەکەوێتە سەر زەوی و سەوز دەبێتەوە و ناو دەنرێت دارەهەناری فەرهاد، ئەوەی کە گرنگە لەم گێڕانەوەیەدا ئەوەیە کە شوێنی ڕووداوەکە سنووری باوەڕی ئایینی میترایی و گۆرانییە و خودی فەرهادیش خەڵکی دەڤەرەکەیە، ئەمە جگە لەوەی گێڕانەوەکە ئاماژەی بە پیرۆزیی داری هەنار داوە، کە تا ئەوڕۆش لە کولتووری هەورامییەکاندا بەپیرۆزیی هەنار وەک خۆی ماوەتەوە. جگە لەوەی لە ئەفسانە ئێرانییەکاند ا و لە داستانی شانامەی فیردەوسییشدا، باسی ئەوە کراوە کە داری هەنار، لە خوێنی سیاوشەوە پەیدا بووە، کە ڕژاوەتە سەر زەوی و بەم جۆرە هەنار پەیدا بووە.
هەنار دەکرێتە نەزر و وەک سەوقاتی و دیاری پێشکەش ئەکرێت
هەنار یەکێکە لەو میوانەش، کە وەک شەوچەرە ئامادەییەکی فراوانی هەیە و لە دانیشتنی هەورامییەکان و مەجلیسی دەنگبێژەکاندا لە کاتی چڕینی سیاچەمانەدا دانراوە. لە پێشینەی باوەڕی یارسانەکاندا، داری هەنار یەک لە پیرۆزترینەکانە. ئێستاش ساڵانە لە هەوراماندا و لە کۆتایی وەرزیی دڵگیری پاییزدا و سەرەتای زستاندا جەژنی هەنار دەگێڕرێت، کە پێشینەکەی بۆ سەردەمی ئایینی میترایی و خواوەندی دایک دەگەڕێتەوە. لای پەیڕەوانی ئایینی یارسان و لە جەژنی خاوەنکاردا هەنار ئەکرێتە نەزر و دەبەخشرێت بە یەکتر. لە ئایینی زەردەشتیشدا شووڵ-تووڵی هەنار پیرۆزە و لە شووڵە نوێیەکانی هەنار دەسکیان درووستکردووە و لەسەر ئەو خۆراکانە دایانناوە کە لە مەراسیمەکەیاندا دایانناون وەک ڕەمزی بەرەکەت.
لای یارسانەکان چەقۆی لێ نادرێ و بە دەست لەت دەکرێت
هەنار تا ئێستاش لەناو پەیڕەوکارانی باوەڕی زەردەشتدا ماوە و هاووەخت، بە بۆنەی سووریی ڕەنگەکەیەوە و تاجەکەیەوە کە لە گڕی ئاگر دەچێت، وەک میوەیەکی ئاتەشنیشینی ناسراوە و لە ڕووی زانستییشەوە یەک لەو میوانەیە کە ماددەی ئاسنی زۆرە و مایەی فرەبوونی ڕێژەی خوێنە لە جەستەدا، لە باوەڕی یارسانەکاندا باسی ئەوە ئەکرێت، کە باوە یادگار لە دەنکی هەنارەوە لەدایک بووە، دایکە ڕەزبار وەختێ شوێنی جەمی گسک داوە بە پێی ئەفسانەکە دەنکەهەنارێک کەوتووەتە سەر زەوی و خواردوویەتی و سکی پڕ بووە و بابا یادگاری بووە، لێرەوە لای پەیڕەوکارانی ئایینی یارسان، چەقۆی لێ نادرێ و بەدەست لەت دەکرێت.
هەنار یەک لە پیرۆزییەکانی هەفتەیە لای یارسانەکان، ئەم ئەفسانەیە هاوشێوەی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیحە، کە گوایە لە ژنێکی داوێنپاکی وەک حەزرەتی مەریەمەوە لەدایک بووە.
جگە لەوەی لەناو ئەدەبیاتی یارسان و فۆلکلۆری هەوراماندا، لە زۆر هۆنراوەدا باس کراوە و وەک پیر تەیاری کاشانی لە وەسفی هەناردا فەرموویەتی: نوورش وە دار سەوز مەو وە جارا مستەفا و دون ئەزەق زیارا
جگە لەوەی حەزرەت مەولەوی دەفەرمێ:
هەنارەکەی دڵ پەڕ جە دانەی ئێش
پیشیای کورەی ناری عەشقی وێش
ﮪ . ب.[1]