14ی تەمموز وەچەرخانێک لە مێژووی گەلانی ئێراق
ئامادەکردنی: #محەمەد ئەحمەد عەبدولواحید#
لە سەرەتای دەستپێکی ژیان لەسەر ئەو گۆی زەوییە، ژیان لە گۆڕانکاری بەردەوامبوون و بەرەوپێشەوەچووندایە لە سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و …… بە ڕەهەند و بیروبۆچوونی جیاجیا، بە بەریەککەوتن و ململانێ و هەڵشاخانی هاودژەکان، ڕا و بۆچوونەکان یەکانگیر نابن و دژە یەکن، گەر وانەبێت ئەوا ژیان (کات) وەک گۆمێکی گەنیوی تەنراو بە مێش و مەگەز و جانەوەری زیانبەخشی لێدێ، هەرکاتێک بەردێک بخرێتە گۆمەکە، شەپۆل دەدات جوولەیەکی بازنەیی داخراوی سەرسووڕهێنەر درووستدەکات!
ململانێکانی بە ژیانبوون لەپێناو مانەوە، گەلێجار بەریەککەوتنەکان خوێناوین و کاولکاری و هۆڤیین. مێژوو لە هەموو سەردەمەکان، کار و کاردانەوەیە، هۆ و ئەنجامە، وەک کاکڵەی گوێز، بە پیوازێکی سپیکراو دەرهاوێشتەکان، دوای شەن و کەو کردن و تەتەڵە کردنیان دەخاتە ڕوو، ئەکادیمیستەکان، شارەزایان، دەکەونە خۆ بۆ پێداچوون و لێکۆڵینەوەی ئەرێنی و نەرێنی و مەرجیش نییە وەک زانست بۆیدەچێ، هەموو جوولەکان وەک هێڵێکی ڕاست و بێ پێچانەوە بە دوو خاڵەکە بگەن.
مێژوو تەژییە لە هەڵکشان و داکشان، سیخناخ لە کوشتن و سزادان و وێرانکاری، هاو تەریب لە جوانکاری، بنیاتنان، گەشەکردن، پێشکەوتن و ئاوەدانکاری.
نیرۆی پێنجەم ئیمپڕاتۆڕە بە ناوبانگەکەی ڕۆما 15-12-37-09-06-68، بەشی هەرە زۆری ڕۆمای سووتاند، لە بەردەم کارەساتی هاڵاو و کڵپە و بڵێسەی ئاگر، هاوار و فیغانی قوربانییەکان و قرچ و هۆڕی لاشەکان، لە قوللەیەکی بەرز، بەرانبەر ئەم دیمەنە سامناک و ناخهەژێنە، لە لووتکەی مەستیداربوو، گیتاری دەژەنی، هەڵبەستەکانی هۆمیرۆسی گەورە شاعیری گریکی لە مەڕ سووتانی تەڕوادەی بە گۆرانی دەگێڕایەوە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژووەک پڕاوپڕ لە کوشتوبڕی، توندوتیژی، قەیران، دۆگماتیزی (قاڵبگەرایی) ، باڵادەستی نەتەوەگەرایی، ئایینگەرایی و ……. .
لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم 28-07-1914-11-11-1918، باڵادەستی ئینگلیزەکان لە ڕووی سەربازی و بازرگانی و بەرفراوانی داگیرکاری، لەگەڵ فەڕەنسا و پاڵپشتی سەرمایەداری جیهانی، دابەشکردنی میراتی پیاوە نەخۆشەکە (ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی) ، دەرفەتێکی لەبار و هەڵێکی زێڕین بوو بۆ درووستکردنی ئەو قەوارانەی کە تا ئێستا لە ئارادایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی جوگرافیاوە .
ئێراقی (میزوپۆتامیای نێوان هەردوو ڕوبارەکە) ، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پێگەیەکی گرنگ و ستراتیژی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو، جگە لە ڕووی جوگرافییەکەیی، مێژووەکەی هەزاران ساڵ ناوەندی هەموو جیهان بووە، خاوەنی شارستانییەت و پێشەنگ و سەر مەشقی نووسین، ئایین، دەوڵەتداری، یاسا و زانست و …….. بووە. جگە لە سامانە سرووشتییەکانی لە نەوت و کانزا و ….. گرنگییەکی زۆری بۆ بەریتانییەکان بۆ داگیرکردنی هەبوو. خۆشیان شا فەیسەڵی کوڕی شەریف حسێنی یەکەمیان لە بنەماڵەی هاشمی لە 23-08-1921 لەسەر تەختی پاشایەتی بۆ دانا کە پێشەنگبوون لە هاوکاری ئینگلیزەکان، دواتر لە 19-10-1922 یەکەم ئەنجوومەنی وەزیران دەستبەکار بوو .
هەر لە سەرەتاوە، ئینگلیزەکان سیاسەتی بە هیندیکردنی ئێراقیان پیادە دەکرد لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، دەستگرتن بەسەر سامانی ئێراق، دەستبەسەراگرتنی دەرەبەگەکان بەسەر زەویوزار، بێکاری، نەخوێندەواری، کۆچی بەلێشاو بۆ شارەکان، هەژاری ……..، هۆکارگەلێکن بۆ دابەشبوونی گەلانی ئێراق بەسەر دوو بەرەی نیشتمانی و هاو ئاوازەکانی داگیرکەر، کۆمەڵێک بزووتنەوە و ڕاپەڕین و ناڕەزایی لێکەوتەوە، شۆڕشی 1920 کە بەشی زۆری چین و توێژەکان بەشداری بەرچاویان هەبوو، دامرکاندنەوەی بزووتنەوە چەکدارییەکەی ڕەشید عالی گەیلانی و چوار عەقیدەکە لە مایسی 1941، کە لە سێدارە دران و دوورخستنەوەی ئەفسەرە نیشتمانپەروەرەکان و لاوازکردنی سوپا و …… ی بەدوا داهات، شکستی عەرەبەکان لە شەڕی فەلەستین 1948، کارتێکردنی بزووتنەوەی ئەفسەرە ئازادیخوازەکانی میسر لە 23-07-1952، هێرشە سێقۆڵییەکەی ئیسڕائیل، بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ سەر میسر لەسەر خۆماڵیکردنی کەنداوی سوێس 1956، پەیمانی بەغدای نێوان (بەریتانیا، ئێراق، ئێران، تورکیا، پاکستان) لە 24-02-1955، کە لەڕاستیدا هەماهەنگی بوو دژی هەژموونی یەکێتی سۆڤیەت و بیری مارکسییەت، هەروەها بەربەست درووستکردن بەرانبەر بزاڤی ڕزگاری کورد و ئێراقیشی کۆت و بەندکرد لە سەربەخۆیی، سامان و بڕیاری سیاسی، ڕاپەڕینی کانوونی 1948 کە کۆتایی بە پەیمانی پۆرتسمۆث هێنا 15-01-1948، کودەتای بەکر سدقی 1936، ڕاپەڕینەکانی 1952، 1954، 1956، پەیمانەکانی 1922، 1926، 1930، 1948، کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت و بەستنەوەی ئێراق بە بلۆکی ئستەرلینی، کە هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی بەدواوە.
داهات ……..، لە ڕێگای مۆرکردنی ئەو هەموو ڕێککەوتن و هاوپەیمانێتییە، بەریتانیا و ئەمریکای هاوپەیمانی، کە لە دوای جەنگی جێهانی دووەم هاتە ناو هاوکێشەکەوە، بیریان لەوە دەکردەوە ئێراق بەتەواوی بلکێنن بە بەریتانیا وەک وڵاتانی کۆمۆنوێڵس و بیکەن بە گۆڕەپانێکی ستراتیژی دوای شەڕی سارد و بەهێزکردنی پێگەکەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاوانی سەرچاوەکانی نەوت، چەسپاندنی سیستەمی سەرمایەداری، دەوڵەتگەرای قەوارەپارێز و …….. بکەن.
دوو بەرەی بەهێز درووستبوون، بەرەی دەسەڵات و بەرەی وڵاتپارێزی ڕۆشنبیران و تێکۆشەران کە خاوەندارێتی لە خاک و نیشتمان و ڕابەرایەتی ناڕەزایەتییەکانی دەکرد لە سەرجەم چین و توێژەکانی گەلانی ئێراق، دەسەڵاتیش درێغی نەکرد لە لەسێدارەدان، زیندانیکردن، ڕاونان، دوورخستنەوە و ……. ، بە تایبەتیش لەسێدارەدانی سەرکردەکانی حزبی شیوعی کە پێشەنگبوون لە بەرەنگاربوونەوە و قوربانیدان .
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نارەزایەتییەکان لە هەڵکشاندابوو، تەنگی بە هاووڵاتی هەڵچنیبوو، ئەفسەرە ئازادیخوازەکان لە بەرەبەیانی 14-07-1958، کودەتایان بەسەر دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئینگلیز و هاوپەیمانەکانیدا کرد و دەسەڵاتی ستەم و زۆرداری پادشایەتییان لە ڕەگوڕیشەوە ڕاماڵی و کۆتاییپێهات .
ئازادبوونی ئێراق لەژێر دەسەڵات و هەژموونی ڕۆژاواییەکان، سەرەتا ئەم هەواڵە شۆکهێنەر بوو بۆ سەرمایەداری جیهانی بەتایبەتیی ئەمریکا و بەریتانیا، کە تاکە بزووتنەوە بوو سەربەخۆ و نیشتمانی و دەستی دەرەکی لە پشتنەبوو . کەوتنە بارێکی دەروونی هەڵچوون، دویت ئایزنهاوەر (14-10-1890-28-03-1969) سی و چوارەمین سەرۆکی ئەمریکا باسی لەو دۆخە نوێیە دەکات کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە کایەوە و دەڵێت: (ئەگەر وەڵامی توندی قاسم نەدرێتەوە، ئەوا تەواوی دەسەڵاتی ڕۆژاوا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دەچێت !) ، هەر بۆیەش زوو کەوتنەخۆ، ئەمریکا هێزی مارێنزی لە لوبنان و بەریتانیاش هێزی پیادەی لە ئوردن بڵاوە پێکرد!
شۆڕش، وەک سیاسەتوانان بۆیدەچن و لە سەربازیش کودەتا کە لە وشەی فەڕەنسی (coup d’état) هاتووە، کوردییەکەی (وەچەرخان) ە لە زمانی فەڕەنسی هاتۆتە ناو زمانی فارسی و دواتر بۆ ناو زمانی کوردی، بۆ هەر سەرهەڵدان، شۆڕش ، بزووتنەوە، کودەتا و ….. ێک، پێویستی بە بەرنامە، هزر، نەخشەیەکی پتەو و توکمە هەیە لە گەلەوە بۆ گەل دەبێت، ئەگەر واشنەبێت هیچ ئومێدێکی لەسەر هەڵناچنرێت.
هەر لەسەرەتاوە، هەرچی پەیمان و ڕێککەوتنی ئاشکرا و ژێربەژێری هەبوو هەڵوەشێنرایەوە (پەیمانی بەغدا) و، پیادەکردنی سیاسەتی بێلایەنی، دانانی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەرچوون لە بلۆکی ئستەرلینی، گۆڕانکاری ڕەگوڕیشەیی ڕاستەقینە لە سیاسەت، ژیانی خەڵک، کەرتی پەروەردە، تەندرووستی، چاکسازی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، ئازادی ڕادەربڕین و پێکهێنانی سەندیکا، خزمەتگوزاری، نیشتەجێبوون، ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی، یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و لەناوبردنی سیستەمی فیوداڵی (دەرەبەگایەتی) ، گەڕانەوەی ڕۆڵی بەرچاوی ژن و یەکسانی لەناو کۆمەڵگە (یاسای باری کەسێتی) ، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەژاری و بێکاری، بەرنامەیەکی نیشتمانی یەکانگیر لە خۆماڵکردنی نەوت و بەرزکردنەوەی داهاتی نیشتمانی و …….، دەستنیشانکردنی مافی گەلی کورد بۆ یەکەمجار لە مادە سێی دەستووری ئێراق کە لە سەردەمی پاشایەتی بێبەشکرابوو، داننان بە مافی گەلی کورد زۆر گرنگبوو لەناو کەڵپەی گورگە هارەکانی ناسیۆناڵێستی عەرەب و تا ئەمڕۆش کاردانەوەی ماوە، بەڵام بە داخەوە هەر لەو کاتییە وە بەناو سیاسەتوانە ناسیۆنالیستە توندڕۆکانی کورد بە فیتی دەرەکی نەیانتوانی ئەو هەڵە زێڕینە بقۆزنەوە و لە سیاسەتیشدا دەرفەت کچی هەورە تریشقەیە و بوونە داردەستی داگیرکەران و جێبەجێکردن و تپەڕاندنی ئەجیندای هەواڵگری هەرێمایەتی کە تاکوو ئێستا باجەکەیدەدەن و خوێن لە جەستەیا دەچۆڕێ، ماڵوێرانیان بۆ گەلانی ئێراق بە گشتی و کورد بە تایبەتیی هێنا، ڕۆژبەڕۆژیش خراپتر دەبێت، قوربانیانیش کەسانی وڵاتپارێز و ڕۆشنبیرن، وەک چۆن ڕاپەڕین لەباربردرا.
وەک کۆمۆنەی پاریس، شۆڕشی 14 ی گەلاوێژ، سپێدەکەی درێژخایەننەبوو، خۆرەکەی لە ئاوابوونبوو، هەر لە یەکەم چەخماخەی شۆڕش، هەواڵگری هەرێمی و نێودەوڵەتی ئینگلیز، CIA، مۆساد، میت، ساواک، ناسیۆنالیستە عەرەب و کوردە توندڕۆکان، بەعسە شۆڤێنییەکان، کۆنەپەرستان و ……… ، کەوتنە وێزەی و پلان و نەخشە دانان بۆ لەبار بردنی بۆیە لە 08-02-1963 ئێراقیان نوقمی دەریای خوێنکرد.
گەلانی ئێراق، تاکە هەڵێکی زێڕین بوو لە دەستیاندا، ئەوەی سەلماند کە هیچ شۆڕشێک سەرکەوتن بەدەستناهێنێت، ئەگەر بە دەستێکی پۆلایین لە کۆنەپەرستی و سەرمایەداری نەدرێ و سیستەمەکەیان لە ڕەگەوە هەڵنەتێنکرێت، سیستەمێکی مۆدێڕنەتی دیموکراتیک لە پێکەوە ژیان، یەکسانی، کاری هاوبەش، دادی کۆمەڵایەتی، ئازادی و ……. نەچەسپێنێ.
مێژوویەکی پاک و بێگەرد، ئەو مێژووەش هەرگیز نامرێت.[1]
*سوود لە google و هەندێک سەرچاوەی مێژوویی وەرگیراوە
12-08-2023