کۆسار عوسمان
سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕایگەیاند، ناساندنی شێخ سەعید وەکوو قارەمانێک ئۆقرە و ئارامیی ئەوانی نەهێشتووە. هەروەها ڕایگەیاند قسەکردن بە زمانی کوردی دەوڵەمەندییە، بەڵام نەک لەنێو پەڕڵەمان و بە بیانووی زمانی دایک و هەوڵی بە فەرمیکردنی زمانەکە.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخستنی پارتەکەی کە ڕۆژی شەممە، 16-12-2023، لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە پێشکەشکردنی وتار بە زمانی کوردی لەنێو پەڕڵەمان کرد.
باخچەلی سەبارەت بە وتارەکەی تونجەل باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی کە لە پەڕڵەمانی تورکیا پێشکەشیکرد وتی: لە پەڕڵەمانی تورکیادا وتاردان بە زمانێکی جگە لە تورکی و چاوپۆشی لەمە، گەورەترین خراپەکارییە بەرانبەر بە تورکیا و برایەتیی هەزار ساڵەمان. زمانی دایکی هەموو کەسێک جێی ڕێزە. قسەکردنی برا بە ڕەچەڵەک کوردەکانمان ئێمە نیگەران ناکات و ئەمە دەوڵەمەندیی ئێمەیە. بەڵام ناکرێت بیر لەوە بکەنەوە بەبەهانەی زمانی دایک و مەرکەزی بوون بێت.
باخچەلی هەروەها باسی لە بابەتی شۆڕشگێڕی کورد#شێخ سەعیدی پیران# کرد کە ماوەیەکە بەهۆی ناوی گۆڕەپان و شەقامێکی ئامەدەوە بووەتە ڕۆژەڤی تورکیا و دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە. باخچەلی شێخ سەعیدی بە کەسێکی ناپاک وەسفکرد و وتی: ناساندنی سەردەستەیەکی ناڕەزایی وەکوو قارەمانێک، ئۆقرە و ئارامیی ئێمەی نەهێشتووە. لە بەردەم مێژوو و گەلەکەمان دەڵێم؛ سەعیدین خنسی (خەڵکی خنس) ناپاکێکی نیشتمانە. سەردەستەیەکی تیرۆرستانی سەردەمی خۆی بووە. بکوژە، دڕندەیە و ڕۆڵەی ئیمپریالیزمە.
سەرۆکی گشتیی مەهەپە هەروەها باسی لەوە کرد کە شێخ سەعید هێرشی کردووەتە سەر سەربازانی تورکیا و خەڵکیی هانداوە بۆ ناڕەزایی. هەروەها وتی: ئەو هەوڵی داگیرکردنی پالو، سیلڤان، ئەلازیخ، لیجە و وارتۆی داوە و هێرشی کردووەتە سەر ئامەد.
باخچەلی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە شێخ سەعید پێشتر گوتوویەتی، ئەگەر سەرکەوتوو بووایە و ئەو شوێنانەی کۆنترۆڵ بکردایە، داوای هاوکاریی لە ئینگلتەرای دەکرد تا دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنن. باخچەلی ڕووی دەمی لەو پارتانە کرد کە دژایەتیی شێخ سەعید ناکەن یاخود بە قارەمان و شۆڕشگێر وەسفی دەکەن و وتی، هەر کەس پێیدا هەڵدەڵێت و مەدحی دەکات، لەگەڵ ئەودا لەنێو هەمان چاڵدایە.
باخچەلی هەروەها باسی لەوە کرد، ناونانی شەقامێکی سەرەکی بە شێخ سەعید، سووکایەتییە بە خەڵکی ئامەد. ئەمە لەکاتێکدایە بەشێکی زۆری ئامەدییەکان لەم چەند ڕۆژەدا داکۆکییەکی زۆر لە ناوی شێخ سەعید و شۆڕشەکەی دەکەن. تەنانەت وێنە و تابلۆی شێخ سەعید لە شوێنە گشتییەکان هەڵدەواسن. یەکێک لەو شوێنانە سووری ئامەدە کە وێنەی شێخ سەعید و چەند سەرکردەیەکی دیکەی کوردیان لێ هەڵواسیوە.
سەرۆکی جەهەپە: پێویستە ڕێز لە هەستی نەوەکانی شێخ سەعید بگیرێت
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی شێخ سەعید و خەباتی ئەو کەسایەتییە بەناوبانگەی کورد دایەوە. ئۆزگور ئۆزەل وتی، مێژوو زیاتر بواری شارەزایانی مێژووە نەوەک سیاسەتڤانان؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە مشتومڕەی ئێستا لەبارەی شێخ شەعید و ئەو ڕێگەیە هەیە لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە.
لەبارەی بۆچوونی لەسەر بابەتەکە، سەرۆکی جەهەپە وتی، دەزانم یاخیبوونی شێخ سەعید دژی کۆماری تورکیا بووە، بەڵام ئەگەر ئەو ناخۆشییانەی لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەرهەڵدانە درووستبوون، ئەمڕۆ بەشێک لە نەوەکانیان دڵتەنگ بکات، دەبێت ڕێز لەو دڵتەنگییە بگیرێت. [1]