#بێگەرد دڵشاد# ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ حکوومەتی ئێراق چەندان جار گفتوگۆیان بۆ درووستکردنی بەنداوی ستراتیجی لە هەرێمی کوردستان کردووە، زۆرجاریش بووە لەگەڵیان ڕێککەوتوون، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە بەنداو درووست بکرێت و ئامادەی ڕێککەوتنین، بەڵام ئەوان نایەنە ژێرباری ڕێککەوتنەکان و جێبەجێیان ناکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە ئێراق سوودێکی زۆر لە ئاوی بەنداوەکانی هەرێم دەبینێت.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕەنگە لە چەند ساڵی داهاتوو بەهۆی وشکەساڵی کۆچی بەلێشاوی هاووڵاتییانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق بەرەو هەرێم ببینین.
لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری کشتوکاڵی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# وتی، ئێمە سێ بەنداوی ستراتیجیمان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەوانیش بریتین لە بەنداوەکانی #دوکان# و #دەربەندیخان# و #دهۆک#، بە هەرسێ بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، 30٪ی گلدراوەی ئاوی ئێراق لە هەرێمی کوردستاندایە.
لەسەر ئەو سێ بەنداوە کە بە بەنداوی گەورەی هەرێمی کوردستان دەناسرێن، وەزیری کشتوکاڵ وتی، بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی 6.8 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا ملیارێک و 414 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بەنداوی دەبەندیخان توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام ئێستا ملیارێک و 297 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بەنداوی دهۆکیش 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوە، بەڵام ئێستا 19 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕینی ئاڕاستەی ئاوی ڕووبارەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ وە، قەیرانی ئاو و گلدانەوەی ئاوی بۆ بەنداوەکان درووستکردووە. وتیشی، لە هەرێمی کوردستاندا 19 بەنداوی بچووک بوونیان هەیە کە بەنداوی مامناوەندن و توانای گلدانەوەی ئەم بەنداوانە، 350 ملیۆن مەتر سێجا ئاوە.
ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ حکوومەتی ئێراق چەندان جار لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ درووستکردنی بەنداوی ستراتیجی لە هەرێم گەشتووینەتە لێکتێگەیشتن، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە و ڕێکدەکەوین لەسەر ئەوەی بەنداو لە کوردستان درووست بکرێت، بەڵام ئەوان نایەنە ژێرباری ڕێککەوتنەکان و پەشیمان دەبنەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئێراق سوودێکی زۆر لە ئاوی بەنداوەکانی هەرێم دەبینێت.
دیاردەی بە بیابانبوون بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئێراقدا تەشەنەی کردووە، ئەوەش وادەکات دانیشتووانی ئەو ناوچانەی مەترسیی ڕاستەوخۆیان دەکەوێتە سەر، بەرەو ناوچەکانی تر کۆچ بکەن، ئەوەش قەیرانی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. [1]