ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی داوای لە دەنگدەرانی پارێزگای #نەینەوا# کرد لیستی 197ی پارتی سەربخەن بۆ ئەوەی زیاتر ئاوەدانی بگەینن بە ناوچەکانیان، دەشڵێت: لە 20 ساڵی ڕابردوودا پارتی توانیویەتی خزمەتی زۆر پێشکەش بە خەڵکی نەینەوا بکات.
#عەلی عەونی#، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە سیمینارێکدا بۆ دەنگدەرانی سنووری فەیدیە ڕایگەیاند: با بە ھیمەتی گەنجان و دەنگدەرانی سنووری پارێزگای نەینەوا بە پاڵپشتی میللەتی فیداکاری خۆمان ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگ بۆ لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان مسۆگەر بکەین لە سنووری پارێزگای نەینەوا، بەشێوەیەک لیستی پارتی سەر بخەین خەڵکێک نەتوانێت بە ئارەزووی خۆی مامەڵە بە موڵک و ماڵ و داھاتووی ئەو ناوچانەوە بکات.
بەرپرسەکەی پارتی وتیشی: لە 20 ساڵی ڕابردوودا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئێمە وەک پارتی توانیومانە ئاوەدانی و پێشڤەچوون بکەین لەو ناوچانە، ھەموو ئەو پێکەوەژیان و ئاوەدانییەی ھەیە لە ھەرێمی کوردستان دەیگوازینەوە بۆ ناو سەنتەری مووسڵ و ھەموو پارێزگای نەینەوا.
عەلی عەونی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پارێزگای نەینەوا ھەر لە کۆنەوە سەنتەری پێکەوەژیان و برایەتی و یەکتر قبووڵکردن بووە، بە سەرکەوتنی لیستی 197ی پارتی کار دەکەین بۆ زیاتر گەشەپێدانی پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و سنووری پارێزگای نەینەوا بە گشتی، دەنگ بدەن بە لیستی پارتی بۆ ئەوەی لە داھاتوو بتوانین زیاتر بەرگریتان لێ بکەین. [1]