#هێمن هەورامی#، ئەندامی مەکتەبی سیاسی #پارتی دیموکراتی کوردستان# ڕایگەیاند، بەشداری پارتی لە هەڵبژاردنەکان بەتایبەتیی لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، تەنیا ئامانجی حزبی نییە، بەڵکوو ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی و پاراستنی ناسنامەی کوردستانیی بوونی ئەو ناوچانەیە.
هێمن هەورامی، لەمیانی کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ بەشێک لە لایەنگر و جەماوەری پارتی لە #خورماتوو#، وتی: ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنانە تەنیا ئامانجێکی حزبی نییە، واتە ئێمە تەنیا بۆ ئەوە بەشداری هەڵبژاردن ناکەین کە دەستکەوتێکی حزبیمان هەبێت و کەسێکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگا هەبێت، بەشداری ئێمە وەک پارتی لەم هەڵبژاردنانە بەتایبەتیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئامانجێکی نیشتمانی و نەتەوەییمان هەیە، بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستانییەتی ئەم ناوچانە.
وتیشی: ئەرکی خەڵکی پارتی جیاوازترە لە لایەنەکانی دیکە، ئەگەر خەڵکی لایەنەکانی دیکە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی تەسکی حزبی سەیری هەڵبژاردنەکان بکەن، دەبێت کادیر و ئەندامانی پارتی لەبەر ڕۆشنایی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، لە چوارچێوەی کوردستانیی بوونی ئەم ناوچانە مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردنەکان بکەن، سیاسەتی ئێمە لەو ناوچانە سیاسەتی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوون و خاکە بەپێی دەستوور.
ئاماژەی بەوەشدا: لە دوزخورماتوو لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین وەک لیستی 219ی پارتی بە کاندیدێک لە دووزخورماتوو بەشدارین لە هەڵبژاردن.
هێمن هەورامی، ڕاشیگەیاند: وەکوو پارتی بەسەربەرزییەوە ڕایدەگەیەنین، سەرکەوتنی کورد و کوردستانییەکان زۆر لە سەرکەوتنی حزبەکان گرنگترە لەم هەڵبژاردنانە. [1]