لە ڕۆژى جیهانى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی ڕایدەگەیەنێت، ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە سەرنج بخەینەسەر باشترکردنى ژیانى ئەو تاکانەى ڕۆژانە ڕووبەڕووى ئاستەنگ دەبنەوە دەشڵێت: سەرجەم تاکەکان مافى خۆشگوزەرانیان هەیە بێ گوێدانە جیاوازییەکان.
#کوێستان محەمەد#، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی، لە ڕاگەیەنراوێکیدا وێڕاى پیرۆزبایی ئەم یادە لە خاوەن پێداویستییە تایبەت و کوورتەباڵاکان، دەڵێت: وەزارەتمان بە هەماهەنگی و پێکەوەیی لەگەڵ وەزارەتەکانی تری #حکومەتی هەرێمی کوردستان#، بەرپرسە لە بەدیهێنانی سەرجەم ئامانج و ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان.
هەروەک جەخت دەکاتەوە کە ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەرفەتێکە تا سەرنجەکان لەسەر پێویستی بەرەو پێشبردنی یەکسانی و باشترکردنی ژیانی ئەو تاکانە بێت کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.
وەزیرى کار هەر جیاوازییەک ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: هەموو تاکێک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مافی ئەوەی هەیە کە بە خۆشگوزەرانییەوە بژی و سەرجەم مافەکانی وەربگرێت و جەخت دەکەینەوە کە دەرفەت و پشتیوانى بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەبێت لەژێر درووشمى کەمئەندامان شایەنى ڕێزن نەک بەزەیی.
لەبارەى ئەو دەستکەوتانەى وەزارەتى کار بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەدەستیهێناوە کوێستان محەمەد دەڵێت: پەسەندکردنى سندوقى چاودێرى و شیاندنى خاوەن پێداویستییە تایبەت و کوورتەباڵاکان دەستکەوتێکى مەزنە بۆ ئەو چینە و ئامانج لێی کۆکردنەوەى داهات و خەرجکردنەوەیەتى بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى تا ئەو چینە بگەنە ئاستى بەرەوپێشچوون و شیاندنەوەى کۆمەڵایەتیی.
هاوکات ئەوەشى ئاشکرا کردووە کە بۆ ئەمساڵی 2023 لەسەر داوا و پێشنیازی وەزارەتى کار دەرفەتی خوێندن و بەدەرکردنی وەرگێڕانی پاڵێوراوانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و پێدانی مۆڵەتی خوێندن بە ژمارەیەکی بەرچاوی خوازیارانی خوێندنی باڵا بۆ ژمارەیەک خاوەن پێداویستی تایبەت دابینکراوە.
لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا وەزیرى کار داوا دەکات کە پێویستە هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ پێشکەشکردنی ئەو پشتگیری و ئاسانکارییانەی کە ئەم تاکانە پێویستیانە تا بتوانن پەرە بە توانا و داهێنانەکانیان بدەن، زەمینە سازیان بۆ بڕەخسێنین و خۆیان بسەلمێنن. [1]