سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشی دوێنێ شەو #30-11-2023# لە #دیالە# دەکات کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی لانی کەم 27 کەس و دەڵێت: تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی جیددیە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بە توندى سەرکۆنەى ئەو هێرشە تیرۆرستییە دەکەین کە شەوى ڕابردوو بە بۆمبى چێنراو و دەسڕێژ لە ناوچەى عومرانیەى سنوورى شارۆچکەى #شارەبان# لە پارێزگاى دیالە ئەنجام درا و بووە هۆى شەهیدبوونى چەندین هاووڵاتى و برینداربوونى چەندانى دیکە.
خواى مەزن گیانى شەهیدان بە بەزەیى و میهرەبانیى خۆى شاد بکات و ئارامى و دڵنەوایى بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت. سەرەخۆشییان لێ دەکەین، هاوخەمیانین. هیواى سەلامەتى و زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، نەخۆشخانەکانى هەرێمى کوردستان بۆ هەموو هاوکارییەکى پزیشکى بۆ برینداران و بەرکەوتووان، ئامادەن.
ئەو هێرش و پەلامارە تیرۆرستییانە، مەترسى لەسەر ئاساییش و سەقامگیریى وڵات درووست دەکەن و ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە تیرۆر هێشتا هەڕەشە و ئاڵنگارییەکى جددییە و دەبێت هەموو هێز و توانایەک و بە هاوکارى و هەماهەنگیى زیاترى سوپاى ئێراق و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و بە پشتگیریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى، بەرەنگاریان ببینەوە. [1]