وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایدەگەیەنێت، هەموو ڕێکارەکانی بۆ هێنانی ئەو 50 ملیۆن لیترەی نەوتی سپی تەواوکردووە، کە ئێراق بڕیاری ناردنی بۆ پارێزگاکانی کوردستان داوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە #24-12-2023# #کەمال محەمەد ساڵح#، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد، بە ئامادەبوونی #ئومێد خۆشناو# پارێزگاری #هەولێر#، دکتۆر #هەڤاڵ ئەبوبەکر# پارێزگاری #سلێمانی#، نوێنەری پارێزگارەکانی #دهۆک# و #هەڵەبجە#، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، #سۆران#، ڕاپەڕین و #زاخۆ# و نوێنەری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، باس لە دوو تەوەرەی سەرەکیی تایبەت بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەشکردنی ڕێژەی کارەبای پارێزگاکان کراوە، و میکانیزمی گونجاو بۆ خێرا دابەشکردنی ئەو نەوتەی بڕیارە لە ئێراقەوە بێت پەیڕەو دەکرێت، کە لەلایەن ئێراقەوە زۆر دواخراوە و بڕەکەشی کەمە. لە کاتێکدا تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن خێزان لە نەوتەکەی هەرێم سوودمەند بوونە و دەکاتە ڕێژەی زیاتر لە %85 خێزانەکانی هەرێم.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەموو ڕێکارەکانی بۆ هێنانی ئەو 50 ملیۆن لیترەی نەوتی سپی تەواوکردووە، کە ئێراق بڕیاری ناردنی بۆ پارێزگاکانی کوردستان داوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەموو هەوڵەکانی بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بەگەڕخستووە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێژەی پێدانی کارەبای پارێزگاکان بە شێوەیەکی یەکسان. دوای گفتوگۆکردن بڕیار درا تێست بۆ دابەشکردنی کارەبا بە شێوەیەکی یەکسان لەنێوان پارێزگاکان لە وەرزی بەهاری ساڵی داهاتوو (2024) بکرێت و کارەبای بەردەوامیش تەنیا بۆ نەخۆشخانە و فڕۆکەخانە و پڕۆژەکانی ئاو و گرتووخانەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکان بێت.
هاوکات پارێزگاکان سەرپشک کران بە هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی کارەبا دەست بە هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر کارەبا و کارەبا بەردەوامەکان بکەن، ئەوانەی کارەبای بەردەوام نایانگرێتەوە، ماوەکانیشی کەم دەکرێتەوە.
سەبارەت بە سیستەمی پریپەیدیش کارەبایەکی باش بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە و بە یەکێک لە پڕۆسە پێشکەوتووەکان دادەنرێت، بۆیە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە بەردەوام دەبێت. [1]