سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#، لەگەڵ بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پێشبینی دەکرێت لەو ماوەیەدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی #بەغدا# بکاتەوە.
ڕۆژی #24-12-2023# #جوتیار عادل#، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراق بەردەوامە، ئامانجمان جێبەجێکردنی دەستوور و پاراستنی فیدڕاڵیزمە، پێشبینییش دەکرێت جارێکی دیکە شاندێکی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا، لەسەر کۆمەڵێک پرسی یاسای بودجە، مووچە، نەوت و غاز و ناوچە جێناکۆکەکان گفتوگۆ بکەن.
لەبارەی بودجەوە، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری وتی: ئێمە جەخت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم دەکەینەوە، کە لە یاسای پەسندکراوی بودجە دەرچووە و لە ماوەی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە؛ گرنگە پرسەکە بە بابەتە سیاسییەکانەوە نەبەسترێتەوە و چارەسەر بکرێت.
لە وەڵامی ئەو پرسەی کە بەغدا لە بەرانبەر ناردنی بودجەدا، داوای گەڕانەوەی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، جوتیار عادل باسی لە یاسای ئیدارەدانی دارایی کرد کە لە ماددەی 29دا دەڵێت: ئەگەر پارێزگایەک یان هەرێمێک داهاتەکانی ڕادەست نەکات، لە بەشی خۆیدا لە بودجە لێی دەبڕدرێت. ئەمە یاسایە و ئەو پرسەی چارەسەر کردووە؛ کەواتە پێویستە جێبەجێ بکرێت. بەڵام بەداخەوە تەنیا جەخت لە ڕادەستکردنی داهاتەکان دەکرێتەوە و ئەو یاسایە پشتگوێ خراوە.
لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل ڕایگەیاندووە: حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، خودی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی دووپات کردووەتەوە تاوەکوو هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە حکومەت بڕیاری ئاسانکاری و ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان گشتاندووە. [1]