ئەمڕۆ #11-01-2023# #مەسرور بارزانی#، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان چووە #بەغدا# بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراق بۆ تاوتوێکردنی پرس و کێشەکانی نێوان #هەولێر# و بەغدا. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەڕڵەمانی ئێراق سەردانەکە بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناودەبات و دەڵێت: تێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق و هەرێمی کوردستان درووستبووە.
ڕۆژی چوارشەممە 11-01-2023، د. #ڤیان سەبری#، سەرۆکی فراکسیۆنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە پەڕڵەمانی ئێراق ڕایگەیاند: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا پەیوەستە بە پرسەکانی یاسای بودجە و نەوت کە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بڕیاردراوە بە ئاگاداری هەرێمی کوردستان یاسای بودجە ئامادە بکرێت و لەم کابینەیەشدا یاسای نەوت و گاز پەسند بکرێت.
ڤیان سەبری ئەو سەردانەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناودەبات و دەڵێت: ئێستا تێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق و هەرێمی کوردستان درووستبووە و دەبێت پەرەی زیاتر بەم لێکتێگەیشتنە بدرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان وتی: ئەمڕۆ ڕاستەوخۆ بانکی ناوەندی ڕاسپێردرا بۆ ناردنی 400 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان. پێویستە تا ئەو کاتەی یاسای بودجەی 2023 پەسند دەکرێت، هەموو مانگێک 200 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
لەبارەی دەستنیشانکردنی بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی، د. ڤیان سەبری وتی: پۆستی بریکاری وەزیری دارایی ئێراق پشکی کورد و پارتییە. بەدەر لەمە 400 پۆست لە ئێراق پشکی کوردن و پێویستە هەموویان پڕبکرێنەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023ی ئێراق دەبەستێتەوە بە وەزارەتی پلاندانانی ئێراق و دەڵێت: هەرچەند سەرژمێری نوێ لە ئێراق نەکراوە و ئەو پشکەش بەپێی ڕێژەی دانیشتووان هەژمار دەکرێت، بەڵام وەزارەتی پلاندانان پشکی هەرێمی کوردستانی لەم بودجەیە بە 14٪ خەمڵاندووە. [1]