ناونیشانی بابەت: ئەشکەوتی سێدەر... شێوە جیاواز و دیمەنی سەرنجڕاکێش
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەهۆی هەوڵکەوتە و سرووشتی ناوچەکە، چەندین ئەشکەوت و شوێنی سەرنجڕاکێش لە دەڤەری #بارزان# هەن، یەکێک لەوانە ئەشکەوتی سرووشتی سێدەرە، کە دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی #مێرگەسۆر#، دیمەنێکی نەوازە و قەبارەیەکی گەورە و سێ دەرگای سەرەکیی هەیە، نزیکیشە لە #ئەشکەتی شانەدەر#.
لەمبارەیەوە، #سۆران ئەمیر#، بەڕێوەبەری شوێنەواری مێرگەسۆر، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: سێدەر ناوچەیەکی سرووشتی و سەرنجڕاکێشە و بەدووریی سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ئەشکەوتی شانەدەر لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، بەم شوێنە دەگوترێت بەرنزێر، کە دوو ئەشکەوتی گەورەی لێیە و بە سێدەر ناوبانگی دەرکردووە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەشکەوتی سێدەر سێ دەرگای هەیە، کە یەکێکیان لە باکوورە و ڕووی لە ئەشکەوتی شانەدەرە، ئەوەی دیکەیان لە باشوورە و دەرگاکەی دیکەیشی ڕووی لە ڕۆژهەڵاتە، لەلای دەرگای باشوور ئەشکەوتێکی سەرانجڕاکیش هەیە، نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە زێی گەورەوە دوورە، دیمەنەکانی سێدەر سەرنجڕاکێش و گرنگن، کە بەدرێژایی ژیانی مرۆڤایەتی وەک پەناگەیەک بۆ ژیان و بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات و ئاژەڵداری بەکار هێنراون.
بەڕێوەبەری شوێنەواری مێرگەسۆر ئاماژەی بەوەش دا، #ئەشکەوتی سێدەر# جیاوازە لەو ئەشکەوتە سرووشتییانەی لە ناوچەکەدا هەن، بەهۆی گەورەیی ئەشکەوتەکە و هەبوونی سێ دەرگای سەرەکی بەرەو ڕۆژهەڵات و باکووری ئەشکەوتی شانەدەر و دەرگایەکی بچووک لە دیوی کۆتایی ئەشکەوتەکە، کە نزیکەی نیومەترێک بڵندە و پانییەکەیشی دوو مەترە و لەسەر زگ بەرەو دواوە مرۆڤ لێوەی دەچێتە ژوورەوە، ئەوکات دەچیتە دیوی ژوورەوەی ئەشکەوتەکەوە، کە زۆر فراوان و گەورە و سەرنجڕاکێشە.
دەشڵێت: دەکرێت لێکۆڵێنەوەی زیاتر لەم شوێنە گرنگە بکرێت، چونکە بەهۆی سرووشتی ناوچەکە و نزیکیی لە ئەشکەوتی شانەدەر، کە مرۆڤی نیاندەرتاڵی لێ ژیاوە و بەدرێژایی ژیان پەناگەیەک بووە بۆ مرۆڤ و بەهۆی نزیکیی لە زێی گەورە و شوێنەواری زەڤیا چەمێ، دەکرێ سێدەر بکرێتە ناوچەیەکی شوێنەواری و گەشتیاریی گرنگ لە ناوچەکە.[1]