لە دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق زۆرترین چاو لەسەر دانانی پارێزگارێکی نوێیە بۆ #کەرکووک#، نوێنەرێکی کەرکووکیش لە پەڕڵەمانی ئێراق ئاماژە بەوە دەکات، بە هەموو پێوەرێک پارێزگاری کەرکووک کورد دەبێت و لەناو کوردیش بەربژێری #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# دەبێت.
سەباح حەبیب، نوێنەری کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق و پەڕڵەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند: دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لیستی کەرکووک هێز و ئیرادەمان بەدەست هێنا بە هەموو پێوەرێک دەبێت پارێزگاری داهاتووی کەرکووک لە کورد بێت و لەناو کوردیش بەربژێری یەکێتی نشتیمانی کوردستان بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لە ئێستاوە یەکێتی نشتیمانی کوردستان دەستی بەهەوڵەکانی کردووە بۆ ئەوەی ئەو بابەتە بەخێرایی یەکلایی بکاتەوە و دەستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆلایەنەکانی دیکەی ناو کەرکووک درێژکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەرج نییە پارێزگاری داهاتووی کەرکووک لەو پێنج ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بێت کە بوونەتە ئەندامی ئەنجوومەن، بەڵکوو دەکرێت لە دەرەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا کەسێک دیاری بکرێت بۆ پارێزگاری کەرکووک کە تەوافوقی سیاسی لەسەر بکرێت و لایەنەکانی دیکەش هیچ گرفتیان نەبێت لەدانانی ئەو کەسە.
ئەو نوێنەرەی شاری کەرکووک لە پەڕڵەمانی ئێراق ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە کە هێزە کوردییەکان هەر لە سەرەتاوە ئامادەنەبوون لەگەڵ یەکێتی نشتیمانی کوردستان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاد لە 40 هەزار دەنگی کورد بفەوتێت کە ئەگەر پێکەوەبووینایە کورسییەکی دیکەمان بۆ کورد زیاد دەکرد، بەڵام ئەوە نەکرا بۆیە هیوادارم لەم قۆناغەدا ئەو هەڵەیە دووبارە نەکرێتەوە و هەموومان هاودەنگ بین لە هەڵبژاردنی کوردێک بۆ پارێزگاری کەرکووک. [1]