لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا #شاسوار عەبدولواحید# کە سەرۆکی جووڵانەوەی #نەوەی نوێ#یە، بەبێ هیچ زانیاری و داتایەکی بەردەست سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێگاکانی ئێراق چەند داتایەکی ناڕاستی خستەڕوو، گوایە لە (600) هەزار دەنگی کورد نزیکەی (200) هەزار بەشداریان کردووە و هاوکات سیستمی سانتلیگۆ دەکاتە بیانوو بە شکست و بەدەستنەهێنانی کورسی.
لە بەرانبەر ئامارە هەڵە و پەڵەکانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی شاسوار عەبدولواحید دا، ڕاگەیاندنی سەنتەری هەڵبژاردنی #کەرکووک#-سەڵاحەدینی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە وەڵامێکدا ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت: لە بەشێکی قسەکانیدا شاسوار سیستمی سانتلیگۆ دەکاتە بیانوو بۆ نەبردنی کورسی! لە کاتێکدا سیستمی سانتلیگۆ (1.7) کاریگەریی لەسەر کورسی یەکەم هەیە، ئێ خۆ شاسوار و جەماعەتەکەی بە نیازی (4 بۆ 5) کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بوون، بۆچی کورسییەکانی دیکەیان نەهێنا؟! هەروەها دەشڵێت؛ «کورد بووەتە کەمینە» لەوەشدا هەڵەیە، چونکە کورد وەکوو نەتەوە زۆرترین دەنگی هێناوە لە چاو دوو پێکهاتەی دیکە و وەکوو لیستیش لیستە کوردستانییەکان (7) کورسیان بەدەستهێناوە.
ڕاشیگەیاندووە: پێشتر شاسوار و جەماعەتەکەی پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد لە کاتی دەنگدانی تایبەتدا هێزەکانی پێشمەرگە دەنگ نادەنە حزبەکانی دەسەڵات لە کاتێکدا بۆ زانیاری شاسوار و جەماعەتەکەی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە جگە لە گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، ڕێژەی بەشداریکردن لە سەروی (95%) بووە، تەنانەت لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و #سلێمانی# لە سەروی (90%) دەنگیان بە لیستی هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە داوە.
لە کۆتای وەڵامەکەشیدا ڕاگەیاندنی سەنتەری هەڵبژاردنی کەرکووک-سەڵاحەدین دەڵێت: ئەوەندە بە شاسوار و جەماعەتەکەی دەڵێین؛ شکست بە درۆ و دەلەسەی سەر شاشەکان پینە و پەڕۆ ناکرێ، بەڵکوو بە ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، و بە خۆداچوونەوە دەکرێت. [1]