ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی #20-12-2023# بە ئەنجام دانی کۆمەڵێک یاری بەهێز، یارییەکانی پاڵەوانێتی فێرگەکانی هەرێمی کوردستان درێژەی هەبوو کە تێیدا لە یاری لوتکەی پاڵەوانێتییەکە، فێرگەی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# لەسەر یاریگەی #یانەی وەرزشی بابان# میوانداری لە فێرگەی یانەی وەرزشی قەرەداغ کردوو دوایی یارییەکی ئاست بەرز لەلایەن یاریزانانی یانەی پێشمەرگەی سەوز پۆش توانیان بە ئەنجامی 5 گۆڵی یەکلایەنە بردنەوە بەدەست بهێنن.
سەبارەت بەو ئەنجامانەیان فەرمان ئەحمەد سەرپەرشتیاری هونەری فێرگەی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، لەپاڵەوانێتی فێرگەکانی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە تیمەکەمان بە ئاستێکی بەرز بینراوە و لە دوایی ڕکابەری لە سەرەتایی دەستپێک تا کۆتایی سێیەم یاریمان بە بێ شکست سێ سەرکەوتنی یەک لە دوایی یەکمان تۆمار کردووە.
فەرمان ئاماژەی بەوەشدا کە لە یەکەم یاری بە ئەنجامی 8 گۆڵی بێ وەڵام لە فێرگەی یانەی شۆڕیجەیان بردۆتەوە و دووەم یاریشیان لە بەرانبەر یانەی چیای شاری #سلێمانی# بوو کە خۆشبەختانە دووبارە لەو یاریەدا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام براوە بوون و هەروەک سێیەم یاریشیان سەرکەوتنێکی مێژووی بووە کە لە تیمێکی بەهێزیان بردۆتەوە بە ئەنجامی 5 گۆڵی بێ وەڵام.
سەرپەرشتیاری هونەری فێرگەی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە وتیشی بەم سەرکەوتنانەمان گەیشتینە قۆناغی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەی هونەری بۆ ئەنجام بدرێت و دواتر وادەی دەستپێکی یارییەکانی ڕادەگەیەنرێت.
جێگەی باسە پاڵەوانێتی فێرگەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێت و تایبەتە بە تەمەنەکانی 2010 و 31 فێرگە تێیدا بەشدار بوون کە دابەش کرابوون بەسەر 7 گرووپدا. [1]