هەوار ئیسماعیل
دادگەی خنس لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکوووری کوردستان، بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە سۆشیاڵ میدیادا سزایەکی سەیری بەسەر نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران دا سەپاندووە، کە دەبێت ڕۆژانە و بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ئاڵای تورکیا لە هەژمارەکانی بڵاوبکاتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 26-12- 2023، ڕوشەن فورات نەوەی شێخ سەعید لە شارۆچکەی خنس سەر بە پارێزگای #ئەرزەڕۆم# ، لەسەر چەند پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە ساڵانی 2015 و 2016دا، دەستبەسەرکرا.
ڕوشەن فورات ساڵی 2016 لە سۆشیال میدیا وێنەی ئاڵای کوردستان و کۆنگرەی هەدەپەی بڵاوکردبووەوە، کە وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش دەرکەوتبوو،
نەوەکەی #شێخ سەعیدی پیران# بە پاساوی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە بردرایە بەڕێوەبەرایەتی ئاساییشی خنس و دوای وەرگرتنی گوتەکانی ڕەوانەی دادگە کرا.
داواکاری گشتیی خنس داوای دوو ساڵ و حەوت مانگ زیندانیکردنی ڕوشەن فوراتی کرد. بەڵام دادگەی خنس سزایەکی سەیری دا، ئەویش پۆستکردنی ئاڵای تورکیایە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگە ئەگەر ڕوشەن فورات بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لەسەر یەک ئاڵای تورکیا لە سۆشیاڵ میدیا، لە هەژمارەکانی ئێکس، فەیسبووک و ئینستاگرام بڵاونەکاتەوە و هەفتەی سێ جار نەچێتە بنکەی پۆلیس و واژۆ نەکات، ئەوا دەستگیر دەکرێت و ڕەوانەی زیندانی ژنانی پانۆس دەکرێت.
دادگە لە بڕیارەکەیدا نووسیویەتی، پێویستە تۆمەتبار هەموو ڕۆژێک لە کاتی پێداچوونەوەی دادوەریدا ئاڵای تورکیا لە هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاوبکاتەوە. ئەگەر هاوبەشی نەبێت، جارێکی دیکە بڕیاری دەستگیرکردنی لەبەرچاو دەگیرێت بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی کۆنترۆڵی دادوەری.
پۆلیس هەموو ڕۆژێک بە دوای ئەو خێزانەدا دەگەڕێت و ئاگاداریان دەکاتەوە کە ئەگەر ڕۆژانە ئاڵای تورکیا بڵاونەکەنەوە، ئەوا جارێکی دیکە ڕوشەن فورات دەستگیر دەکەنەوە.
بنەماڵەی فورات سکاڵا لەسەر ئەو دادوەرە تۆمار دەکەن کە بڕیارەکەی داوە.
ئەم بڕیارەی دادگەی خنس ناڕەزایەتی زۆری خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە و هەزاران کورد وەک کاردانەوەیەک ئاڵای کوردستانیان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بارۆی ئامەد و ڕوها لەسەر ئەو ئەندامانەی دادگە کە ئەم بڕیارەیان داوە، لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەران و داواکاری گشتی تورکیا سکاڵایان تۆمار کرد.
شێخ سەعیدی پیران، لە 13-02- 1925 لە شارۆچکەی پیران سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لە دژی حکومەتی کەمالیستی تورکیا شۆڕشی ڕاگەیاند، بەڵام سەرهەڵدانەکە سەرکەوتوو نەبوو و لە 29ی حوزەیرانی 1925دا لەگەڵ 47 هاوڕێی لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی تورکیا لە سێدارە دران. تا ئێستاش گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئاشکرانەکراوە.[1]