#تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان# لە ڕاگەیەنراوێکدا پیرۆزبایی ساڵی نوێیان لە زیندانیانی دۆزی گەلی کورد و ڕایگەیاند، ساڵی نوێ لە ڕێبەری گەلان کە 25 ساڵە لە زیندانەوە وانەی تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد مانیفێست دەکات پیرۆز دەکەین.
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ساڵی نوێ لە ڕێبەری گەلان کە 25 ساڵە لە زیندانەوە وانەی تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد مانیفێست دەکات پیرۆز دەکەین، هاوکاتی پێداگیری لەسەر ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەی قووڵ بەڵێنی تێکۆشان دەدەین بۆ کۆتایی هێنان بە نەهامەتییە سەپێنراوەکانی سەر گەلی کورد و مرۆڤایەتی، بەو ڕۆحییەتەوە ساڵی نوێتان لێ پیرۆز دەکەین.
دەشڵێت: لە کاتێکدا پێ دەنێینە ساڵی نوێی زایینی 2024 جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیی بە دۆخێکی پڕ قەیران و شەڕ و ناکۆکیدا تێ دەپەڕێت، ڕۆژبەڕۆژ هێرش و پەلاماری هێزە بەرژەوەندیخواز و هەژموونگەراکان بۆ سەر ماف و ژیانی گەلان زیاتر دەبن، دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان بەسوود وەرگرتن لە قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری و بە سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردن بە کۆمەڵکوژی سەر کوردان درێژە بە تەمەنی ستەمکاری خۆیان دەدەن، فاشیزمی دەوڵەتی تورک بەهەرچوارلادا هێرشی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکات، بێ پێوان و بێ ئەخلاق و بێ یاسا کەوتووەتە شەڕ لەگەڵ کۆمەڵگەکەمان، گەلی کورد لە باشووری کوردستان دوای ئەو هەموو قوربانیدان و نەهامەتییانە، بەهۆی سیاسەتی خۆ خۆری و وابەستەیی و خێڵەکییانە، ساڵ لە دوای ساڵ پێگە و ستاتۆکەی لاوازتر دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە، ژیان و گوزەران سەختتر و پێشێل کاریەکان زیاتر دەبن بۆ سەر ماف و ئازادییەکان، بەهۆی سیاسەتی قۆرخکاری و ناکۆکی دامەزراوە شەرعییەکانیان خستە بەردەم هەڵوەشاندنەوە، سەروەری خاک و هاووڵاتییانیان بێ پاراستن بۆ دوژمنان جێ هێشت، گەلی باشوور ساڵانێکی پڕ لە نائومێدی و سەختی بەڕێ کردووە، کاتی ئەوەیە و دەبێت حیساب پرسینێک بکات، لێگەرینێک بکات بۆ دەرباز بوون و ڕزگار بوون لەو سیستم و دەسەڵاتە خێڵەکی و وابەستەیە بە داگیرکەران، باشووری کوردستان و خەڵکە قوربانی دەرەکەی هەرگیز شایەنی ژیانێکی بەم شێوەیە نییە.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئێمە کە دەچینە ساڵی نوێوە چەندین ڕۆژنامەوانی ئازاد لە زیندانەکان سزا دراون، هەموو ڕۆژێک تیرۆری ئازادیخوازان و بێباکی دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەکانی دەبینین، مامۆستایان و مووچەخۆران مافە سەرەتاییەکانیان پێشێل دەکرێت و شایستە داراییەکانیان نادرێت، بە مەبەست کار بۆ خراپتر بوونی گوزەرانی چین و توێژەکان دەکرێت، خانەنشینان لە بری ڕێزلێنان لە نۆرەی مووچەدا گیان دەسپێرن، بێکاری و نەبوونی هەلی کار بە ئامانج دەکرێت لەپێناو بە لاڕێدا بردنی کۆمەڵگە، لەو ڕێگەیەوە پێشخستنی کۆچبەری یان بە سیخوڕ کردن و ئالوودە بوون بە مادە هۆشبەرەکان پێش دەخرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، دۆخی ژنان لە هەموو ئاستەکاندا لەبەر چاوە و کۆمەڵکوژی لەسەریان بەڕێوە دەچێت، کەرتەکانی تەندرووستی و خزمەتگوزاری و ژینگە هەر ڕۆژێک بەرەو وێرانە تربوون دەچێت و لەپێناو بەرژەوەندی ئابووری دەسەڵات و کۆمپانیاکانیدا دەدرێنە کەرتی تایبەت، هەردێت گەل برسیتر و دەسەڵات زەنگین تر دەبێت، هەردێت نادادی پێش دەکەوێت و تووڕەیی کۆمەڵگە زیاتر دەبێت، لە ڕاستیدا کۆمەڵگە تینووی سیستەمێکی دیموکراتی و دادپەروەرییە، تینووی ئازادی و ژیاندۆستی و یەکییەتی نەتەوەییە، با پێکەوە ساڵی نوێ بکەینە ساڵی وەرچەرخان و گۆڕانکاری گەورە، ساڵی نوێ ببێتە بەدیهێنانی خەون و ئامانجی شەهیدان گەلەکەمان چیتر لە چاوەڕوانیدا نامێنێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە تەواوی کۆمەڵگە دەکات هیواخوازە بێ ڕەچاوکردنی جیاوازییە فیکریی و سیاسی و حیزبییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە سەخت و ناهەموارە، هەمووان پێکەوە دەست لەناو دەست ساڵێکی پڕ لە تێکۆشانی دیموکراتی بۆ ژیانێکی شایستە و ئارام دوور لە توندوتیژی بەڕێکەین و بگەین بە ئامانجەکانمان، بێگومان بە کەرەستە و مێکانیزمای خودی هێزە دەسەڵاتخواز و هەژمونگەرا و داگیرکارییەکان ناتوانین ڕووبەڕوو ببینەوە، بەڵکوو تێکۆشان بە مۆدێلێکی نوێی یەکتر قبووڵ کردن بۆ ئاوا کردنی سیستەمێکی دیموکراتی و پێکەوەژیان پێویستییەکی هەنووکەییە، هەموومان بەرپرسیارین بەرانبەر بە مێژوو، بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم وڵاتە کە چیتر مافی دووبەرەکیمان نییە کات کاتی ئازادییە و کاتی خەباتێکی بێ وچانە بۆ گەیشتن بە مافە ئاسایی و سرووشتییەکانمان .
[1]