ئەمڕۆ یەکشەممە #31-12-2023#، سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# پەیامێکی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتری کوردستان بێت.
#مەسرور بارزانی#، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هیوادارین لە ساڵی نوێوە، کۆتایی بەو ستەم و نادادییە بێت کە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی مووچەخۆرەکانی دەکرێت و کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بودجە چارەسەر بکرێت.
=KTML_Bold=ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:=KTML_End=
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2024، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم، هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتری کوردستان بێت.
سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ساڵی ڕابردوو، بەهۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، بارودۆخێکی سەختی داراییمان بەڕێکرد، هیوادارین لە ساڵی نوێوە، کۆتایی بەو ستەم و نادادییە بێت کە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی مووچەخۆرەکانی دەکرێت و کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بودجە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمیش، وەک مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مانگانە مووچەکانیان بەبێ تێکەڵکردنی لەگەڵ کێشە سیاسییەکان وەربگرن.
داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبیی و کەسییەکان و لە پێناو پاراستنی ئارامی و مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کار بکەن.
جێی خۆشحاڵییە کە ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئابووری، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجام بدەین، هەروەها لە بواری دیپلوماسیش، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان، لە ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی باشی کرد.
هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی شەڕ و ئاڵۆزی و کاولکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بێت بەگشتی و ئاشتی و ئارامی جێگیر بێت و ساڵی دەستکەوت و گەشەپێدان و بووژانەوەی گشتگیریی کوردستان بێت. [1]
=KTML_Bold=ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت.=KTML_End=
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=