هونەر ڕەشید
نازانن خەونە یان ڕاستی، یەکەم جارە دوای 45 ساڵ دوو کچی دهۆک گەڕانەوەی لای ماڵباتەکەیان و بە دیداری ئازیزانیان شادبوونەوە. لەبری چەپکەگوڵ، بە وێنەی باوکە کۆچکردووەکەیان پێشوازییان لێکرا.
ئەو دوو کچە ناویان زەینەب و هەیامە و کچی فەرماندە خالید کۆچەرن کە لە #شۆڕشی گوڵان# دا لە دەڤەری بادینان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە. ماڵباتەکەیان لە شارۆچکەی سێمێل نیشتەجێن.
لە سەرەتای شۆڕشی گوڵانەوە ڕژێمی بەعس گوشار دەخاتە سەر ماڵباتی خالید کۆچەر و هەڕەشەیان لێ دەکەن، بۆیە بە ناچاری بەرەو ڕۆژاوای کوردستان کۆچ دەکەن. لەوێ هەردوو کچەکەی لەلایەن ماڵباتێکی کوردەوە بەخێو دەکرێن.
کاتێک هەردوو کچەکە گەیشتنەوە نێو ماڵباتەکەی خۆیان لە سێمێل و لە دەرگەی حەوشەی ماڵەکە چوونە ژوورەوە، خێزانەکەیان بە هەلهەلە و فرمێسکی شادی باوەشیان بۆ گرتنەوە.
زەینەب بە ڕووداوی گوت، دایکم زانیاریی پێوتین کە ئەو زانیارییانە یارمەتیی داین، منیش هەوڵمدا لە ڕێگەی پشکنینی دی ئێن ئەی ەوە کەسوکارەکەم بدۆزمەوە کە سەرکەوتوو بوو. دایکی زەینەب و هەیام ئێستا لە ڕۆژاوای کوردستانە و لە ژیاندا ماوە.
هەیام باسی یادگاریی باوکی دەکات لە چیرۆک و گێڕانەوەکانی دایکیدا. دەڵێت: زۆر قوورس بوو ئەو دۆخە بۆمان، ئێمە بچووک بووین، دایکم پێی دەوتین، باوکتان زۆر باش بوو بۆمان، زۆر حەزمان دەکرد بیبینین، بەڵام بەبێ باوک گەورەبووین و نەمان بینی.
زەینەب و هەیام لە ڕژئاوای کوردستان گەورەبوون و هەر لەوی لەگەڵ دوو هاونیشتمانی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە. کچە گەورەکەیان، زەینەب، لە ساڵی 1999 و هەیام لە ساڵی 2011 چوونەتە ئەڵمانیا. لەوێ لە ڕێگەی پرۆگرامێکەوە کە تایبەت بووە بە دۆزینەوەی کەسانی ونبوو، پشکنینی دی ئێن ئەیان کردووە و ئامۆزایەکی خۆیان بینیوەتەوە. ئەو ئامۆزایەشیان، لە ڕێگەی هەمان پرۆگرامەوە پشکنینی کردبوو.
عومەر سەیفەدین، ڕیشسپیی ماڵباتەکەیە و دەڵێت: لە هەر شوێنێک سەرەداوێکیان دەستکەوتبێت بۆ ماوەی 40 ساڵ بەدوایدا دەگەڕان، بەڵام هیچیان دەستنەکەوتبوو.
دوای گەڕانەوەیان بۆ سێمێل، هەردوو خوشکەکە چوونە سەر گۆڕی باوکیان کە لە ساڵی 2019 گیانی لەدەست دابوو. [1]