ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەڕڵەمانى ئێراق ڕایگەیاند، گۆڕانکارى گەورە لە بودجەی ساڵی 2024 دەکرێت، بەتایبەتى لەو ماددانەى تایبەتن بە بودجەى بەکارخستن و وەبەرهێنان.
#جەمال کۆچەر#، ئەندامى لیژنەى دارایی بۆ ڕۆژنامەى سەباح ڕایگەیاندووە، لە بودجەی ساڵی 2024 گۆڕانکاری زۆر دەکرێت، لەڕووی سەرچاوە و خەمڵاندن و خەرجکردنی نرخی نەوت جیاواز دەبێت.
جەمال کۆچەر ڕاشیگەیاند، هەموو ساڵێک بودجەی کارپێکردن زیاد دەکات، لە کاتێکدا گۆڕانکاری لە بودجەی وەبەرهێناندا ڕوودەدات، بۆیە لە هەموارى یاساى بودجە گۆڕانکارى زۆر دەکرێت.
باسى لەوەش کرد، پەڕڵەمان ساڵى ڕابردوو دەسەڵاتی بە حکومەت بەخشیوە بەردەوام بێت لە خەرجکردنی بودجەی 2023 تا تەواو دەبێت و ئێستا دەست بە بودجەی 2024 بکات بەبێ وەستان، بەڵام لە هەموارەکە گۆڕانکارى دەکرێت و دەبێت حکومەتیش پابەند بێت بە گۆڕانکارییەکان. [1]