پێشنێوەڕۆی سێشەممە #28-11-2023# لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە #هەولێر#، بە ئامادەبوونی هاوڕێ ڕواندزی: جێگری بەڕێوەری گشتی وەرزش، سەڵاح حەسەن خەسرۆ: سەرۆکی #لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان#، وەرزشوانە دێرینەکان، دەزگەکانی ڕاگەیاندن و میدیاکارانی وەرزشی، #ڕێکخروای میتان# بۆ پەرپێدانی میدیای وەرزشی بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش، سێ پەرتووکی وەرزشیی پڕۆفیسۆر #هۆشیار عەبدولڕەحمان محەمەد# لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ناسێنرا.
سەرەتا هاوڕێ ڕواندزی سوپاسی ڕێکخراوی میتان و پڕۆفیسۆر هۆشیاری کرد کە بوونە هەوێنی کۆکردنەوەی وەرزشوانە دێرینەکان و دەزگەکانی ڕاگەیاندن. هەروها سوپاسی د. هۆشیاری کرد کە سێ پەرتووکی وەرزشی بەسوودی خۆی ناساند و پێشکەشی ئامادەبووانی کرد. وتیشی: دکتۆر هۆشیار وەرزشوانێکی دێرین و ڕۆژنامەنووسێکی چالاک بووە، پەرتووکخانەی کوردی لە ڕووی پەرتووکی وەرزشی و میدیای وەرزشییەوە هەژارە، بۆیە ئێمە پاڵپشتی ئەم هەنگاوانە دەکەین و دەستخۆشییان لێ دەکەین. دواتر سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان، وەرزشوانە دێرینەکانی وەک شێردڵ تەحسین، موئەیەد مەغدید، سەید ئەحمەد، کەماڵ عەبدوڵڵا و ڕۆژنامەنووسی وەرزشی سەرهەنگ نەجمەدین گفتوگۆ و پێشنیاری گرنگیان بۆ دەوڵەمەندکردنی پەرتووکەکان، وەرزش و میدیای وەرزشی کوردی کرد.
$پەرتووکەکان:$
1-مێژووى یارییەکانى ئۆڵۆمپى هاوینە.
2-مێژووى ڕووداوەکانى جامى جیهانى تۆپى پێ 1930-2022.
3-وەڵامى 300 پرسیار لە بابەت یاسا نێودەوڵەتییەکانى تۆپى بالە. [1]