پەروەردەی مووش ڕێگە بە خوێندکارانی بەشی کوردی نادات مەشق و ڕاهێنان بکەن
هەوار ئیسماعیل
دامەزراوەی پەروەردەی #مووش# بەپاساوی ئەوەی تەنانەت یەک مامۆستای کوردیش لەو پارێزگایەدا نییە، ڕێگری لە مافی ڕاهێنانی خوێندکارانی قۆناخی چوارەمی بەشی کوردیی زانکۆی ئاڵپئارسلانی مووش دەکات و ڕێگە نادات خوێندکاران ڕاهێنانەکانیان تەواو بکەن.
لە باکووری کوردستان و تورکیا زمانی کوردی لە هەموو ئاست و قۆناخێکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و کێشە دەبێتەوە. لە پارێزگای مووش، خوێندکارانی قۆناخی چوارەمی بەشی کوردی کە ناچارن مەشق و ڕاهێنانەکانیان بکەن، ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و دامەزراوەی پەروەردەی مووش ڕێگەیان پێنادات مەشق و ڕاهێنانەکانیان تەواو بکەن.
ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشی کوردیی زانکۆی ئاڵپئارسلان لە شاری مووش کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی ڕووداویان ڕاگەیاند، ئێمە لە قۆناخی چواری بەشی کوردی دەخوێنین و وەک هەر بەشێکی دیکە، دەبێت لە کۆتا ساڵی خوێندنمان بچینە قوتابخانەیەک و لەگەڵ مامۆستاکان ڕاهێنان بکەین، بەڵام دامەزراوەی پەروەردەی مووش ڕێگەمان پێنادات مەشق و ڕاهێنانمان تەواو بکەین بەپاساوی ئەوەی مامۆستای کوردی لە مووش نییە. کاتێک ئێمە مەشق و ڕاهێنانمان تەواو نەکەین، ناتوانین ببینە مامۆستا، یان دەبێت بچینە زانکۆیەکی دیکە بۆ ڕاهێنان. ساڵانی ڕابردوو قوتابییانی بەشی کوردی، لەگەڵ مامۆستایانی بەشەکانی دیکە مەشق و ڕاهێنانیان تەواو دەکرد، بەڵام ئەمساڵ ڕێگری لەوە کرا.
شێخمووس ئۆرکن، بەرپرسی بەشی کوردی زانکۆی ئاڵپئارسلان لە شاری مووش بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەمساڵ خوێندکارەکانمان کێشەی وەرگرتنی مەشق و ڕاهێنانیان هەیە. ساڵانی ڕابردوو خوێندکارەکانمان لەگەڵ مامۆستایانی بەشەکانی دیکەدا مەشق و ڕاهێنانەکانیان دەکرد، ئێمە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەین و کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ دامەزراوەی پەروەردەی مووش بەردەوامە.
لە باکووری کوردستان بەشی بەکالۆریۆس و ماستەر لە زمانی کوردی لە زانکۆکانی مێردین، مووش، چەولیگ و دێرسم هەیە، لە زانکۆی وان تەنیا ماستەری کوردی و لە زانکۆکانی مێردین، ئامەد و وان دکتۆرای کوردی هەیە. تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار بەشی کوردییان تەواوکردووە، بەڵام کەمتر لە 100 مامۆستا دامەزراون. 50 لەو مامۆستایانە لە مانگی ئایاری 2023 بەر لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار دامەزریندراون کە 35 مامۆستایان بۆ بەشی کرمانجی و 15ەکەی دیکەشیان بۆ بەشی زازاکی بوون.[1]