بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# ئاماژە بەوە دەکات، بەڵگەی بەهێزیان داوەتە کۆمیسیۆن و هەفتەی داهاتوو دەرئەنجامی تانە لە هەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکرێت.
هاوار محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەرئەنجامی تانەی لایەنەکان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بخرێتە ڕوو و یەکلا بکرێتەوه، ئێمەش بەڵگەی بەهێزمان لەسەر پێشێلکاری لە هەڵبژاردنەکاندا پێشکەش کردووە، چونکە بە لای ئێمەوە بەشێکیان جێگای گومانن، بۆیە بەڵگەمان داوەتە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێراق لەسەر جۆر و شێوەی پێشێلکارییەکان، بۆ نموونە لە هەندێک وێستگەی دەنگدان لە #کەرکووک# لەجیاتی ساڵی 2023، ساڵی 2018 لە شریتی دەنگدانەکە نووسراوە، ئەمەش گومانەکان زیاتر دەکات کە بۆچی ڕێکەوتی ساڵەکە گۆڕاوە.
ناوبراو دەشڵێت: ساڵی 2018 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق کراوە کە ساڵێکی شووم و تەواو خراپ بوو بۆ هەڵبژاردنەکان، چونکە لەو ساڵەدا ئاشکرایە دەرئەنجامی هەڵبژاردن چۆن بووە لە ئێراق، بە تایبەت لە کەرکووک، بۆیە وەک پارتی چاوەڕوانین ئەنجامەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت دوای یەکلاکردنەوەی ئەو تانانە.
ئەوەشی خستە ڕوو: سەرەڕای تێبینییەکان، دەرگای پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان واڵا دەبێت، بە تایبەت لەگەڵ حزبە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ چۆنییەتی درووستکردنی ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکان. [1]