یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە پارێزگای #نەینەوا# ئاشکرای کرد، بە شێوەی نافەرمی دانووستان ھەیە بۆ پێکھێنانی ئیدارەی خۆجێی نەینەوا و دەشڵێ، گومانیان لە ڕێژەی بەشداریی ھەڵبژاردن ھەیە، بەڵام خۆیان بە شەریکی بەڕێوەبردنی نەینەواش دەزانن.
نازم کەبیر، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوای پارتی، ڕایگەیاند: ئێمە لە پارێزگای نەینەوا گومانمان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە هەیە، گومانەکەش لەوەوە ھاتووە، کە تا دوو کاتژمێر پێش کۆتاییھاتنی پڕۆسەی دەنگدان، پەیوەندیمان بە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەوە کرد، پێیان ڕاگەیاندین کە ڕێژەی بەشداری لە ھەڵبژاردن 30% بووە، بەڵام دوو کاتژمێری کۆتایی، ڕێژەکە زۆر بەرز بووەتەوە و بەگومانین لە ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران.
بەرپرسەکەی پارتی وتیشی: سەرەڕای تێبینییەکانمان لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، پارتی ھەر ھێزی یەکەمی پارێزگای نەینەوا ماوەتەوە و ھیچ حزبێکی سیاسی بە بێ ھاوپەیمانی، دەنگی لە پارتی زیاتر نییە، ژمارەی دەنگەکانیشمان زیادی کردووە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، لەبەر ئەوەش ئێمە خۆمان بە شەریکی بەڕێوەبردنی پارێزگاکە دەزانین، دەمانەوێ خزمەتی خەڵکی نەینەوا بکەین و بەشدار بین لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی پارێزگاکەدا.
کەبیر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: پارتی پێگەیەکی مێژوویی و بەھێزی لە نەینەوا هەیە و ئەستەمە بە بێ پارتی ھیچ لایەنێک بتوانێت ئیدارەی پارێزگاکە بەڕێوە ببات و پارێزگار بە بێ پارتی دیاری بکرێت، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دەرگامان واڵایە بە ڕووی ھەموو کوتلە و ھێزەکان بۆ درووستکردنی ھاوپەیمانی و ڕێککەوتن، بە شێوەی نافەرمییش دانووستان ھەیە لەبارەی پێکھێنانی ئیدارەی خۆجێی نەینەوا و داواکارییش ھەن بۆ پارتی تا بگەینە ڕێککەوتن، لە ماوەکانی داھاتوودا بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە دانووستان دەکەین بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی نەینەوا و دیاریکردنی پارێزگار. [1]